راوێژکارێکی خامنەیی هەڵوێستی ئێران لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاشکرا دەکات
راوێژکارێکی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئاشکرا دەکات.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەرمینیا جگە لە قەرەباغ، حەوت ناوچەی دیکەی ئازەربایجانی داگیرکردووە و پێویستە ئەو ناوچانە رادەستی ئازەربایجان بکاتەوە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی ئەرمینیای بە داگیرکەر ناوبردووە و رایگەیاندووە، ”هەڵوێستی ئێمە دژی داگیرکارییەکانی ئەرمینیا، وەک هەڵوێستمانە دژی داگیرکاریی ئیسرائیل لە فەلەستین“.
ئەو راوێژکارەی عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی ”داگیرکاریی ئەرمینیا“وە، دوو ملیۆن هاووڵاتیی ئازەربایجانی لەو ناوچانە ئاوارە بوون.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی هەروەها داوای راگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکانی بە رێگای سیاسی و دانوستاندن لە ئەرمینیا و ئازەربایجان کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەو شەڕە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسی“.
هەرچەندە تورکیا لە سەرەتای شەڕەکەوە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی ئازەربایجان دەکات، عەلی ئەکبەر ویلایەتی داوای لە تورکیا کردووە هاوکاریی ئازەربایجان بکات بۆ رزگارکردنەوەی ”خاکە داگیرکراوەکانی و گەڕانەوەی هاووڵاتییە ستەم لێکراوەکانی“.
شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە رۆژی یەکشەممە 27-9-2020ـەوە لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، دەستی پێکردووە.
قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
باسنيوز
