ئەسەد: بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێرانییەکان دەستمان بەسەر بەشێکی زۆری سووریادا گرتەوە

ئەسەد: بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێرانییەکان دەستمان بەسەر بەشێکی زۆری سووریادا گرتەوە
سەرۆکی رژێمی سووریا رایدەگەیەنێت، کە بە پاڵپشتیی هێزە رووسییەکان و میلیشیا ئێرانییەکان، دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سووریادا گرتووەتەوە.

بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی رووسی، رایگەیاندووە، راگرتنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی پێویستیی بە رووسیایە و ”سووریاش بۆ هاوسەنگیی هێز، پێویستیی بە بنکەی سەربازیی رووسی هەبوو و هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و رۆژئاوا“.

بەشار ئەسەد هەروەها رایگەیاند، بەر لە دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە سووریا، سوپای رژێمی سووریا رووبەڕووی بارودۆخێکی ”مەترسیدار“ ببووەوە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سووریادا گرتبوو.

سەرۆکی رژێمی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، کە رژێمی سووریا بە پاڵپشتیی میلیشیا ئێرانییەکان و سوپای سووریا، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەیدا گرتەوە.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لەنێوان رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دەستی پێکردووە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات.

هەروەها رووسیا لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بە ناردنی هێزی سەربازی، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و دوو بنکەی سەربازیی گەورەی لە تەڕتوس و حومەیمیم لە رۆژئاوای سووریا، کردووەتەوە.











باسنيوز



Top