تورکیا داوایەکی ڕووسیا و ئەمریکا و فەڕەنسای بۆ چارەسەکردنی کێشەی قەرەباخ ڕەت کردەوە
ئەردۆغان لەو لێدوانەیدا ئاشکرای کردووە: "لە حاڵێکدا ئەمریکا، ڕووسیا و فەڕەنسا نزیکەی ٣٠ ساڵە کێشەی (ئاگۆرنۆ – قەرەباخ)یان پشتگوی خستووە، بۆیە ئێستا بەشداریی ئەوان بۆ چارەسەریی ئەم قەیرانە قەبووڵ ناکرێت".
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ڕێبەرانی سێ وڵاتی ڕووسیا، ئەمریکا و فەڕەنسا، سێ وڵاتی ئەندامی گرووپی مینسک (کە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەورووپا بۆ نێوەنجگیری لە قەیرانی ئاگۆرنۆ – قەرەباخ پێکهاتووە) ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش خوازیاری ڕاگرتنی خێرای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە قەرەبخا بوون و هاوکات داوای دانوستانی بێ مەرجیان کردووە.
لە بەرانبەردا سەرکۆماری تورکیا ڕای گەیاندووە تەنیا ڕێگەی کۆتاییهێنان بەو شەڕ و ئاڵۆزییانە (چوونەدەرەوەی ئەرمینیا)یە لە ناوچەی قەرەباخ و ئەو ناوچەیە بە خاکی ئازەربایجان دادەنێت.
شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری ئاگۆرنۆ – قەرەباخە، لە ڕێكەوتی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش بریندار بوون.
هەر دوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان ساڵانێکی زۆرە لەسەر ناوچەی کوێستانیی قەرەباخ پێکەوە کێشە و ناکۆکییان هەیە. ئەو ناوچەیە بە زۆرینە ئەرمەنین کە بەشێک لە خاکی ئازەربایجانە و لە کاتی کۆتایی شەڕ لە ساڵی ١٩٩٤ کەوتووەتە ژیر کۆنترۆڵی ئەرمینیا. هەردوو لایەن هەمان ساڵ لەبارەی ئەو ناوچەیە ئاگربەستیان واژۆ کردووە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە هێشتا کۆتایی بە کیشە و ململانێی نێوان دوو وڵات نەهێناوە.
ئەم کێشە و ناوکۆکییانە لە کاتێکدان کە قەرەباخ کۆمارێکی سەربەخۆیە و خەڵکەکەی خوازیاری سەربەخۆیین و داوا دەکەن وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە سەربەخۆییاندا بنێن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵاتێک دانی بە سەربەخۆییاندا نەناوە و ئێستا ئەرمینیا دوای سەرهەڵدانی ئەم ئاڵۆزییانە خەریکە داننا بە سەربەخۆیی قەرەباخ بخاتە بەرنامەی خۆیەوە.
باسنيوز
