تووشبوونی ترەمپ بە کۆرۆنا نرخی نەوت و پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکای دابەزاند

تووشبوونی ترەمپ بە کۆرۆنا نرخی نەوت و پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکای دابەزاند
دوای تووشبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای هاوژینی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی نەوت و پێنوێنی بازاڕەکانی جیهان دابەزی.

نەوتی خاو نزیکەی 5٪ـی بەهاکەی لە دەستدا و پێنوێنی کۆمپانیای دۆو بە رێژەی 1.2٪ و کۆمپانیای ناسداک بە رێژەی 1.7٪ دابەزی.

هەروەها پێنوێنی بۆرسەکانی ئەوروپاش بە هەمان شێوە دابەزینیان بە خۆوە بینی، بەڵام دواتر هەندێک لە نرخەکەیان بەدەستهێنایەوە.

پێنوێنی پشکەکانی فۆتسی لە بۆرسەی لەندەن بە رێژەی 1.1٪ و داکس لە بۆرسەی فرانکفۆرت 1.4٪ و کاک لە بۆرسەی پاریس بە رێژەی 1.4٪ دابەزین.

دابەزینی نرخی نەوت و پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە پێشتریش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئابووریی ئەو وڵاتە پاشەکشەی بەرچاوی تۆمارکردبوو.

رۆژی هەینی 2020/10/02 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەمشەو من و خانمی یەکەمی ئەمریکا ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنامان ئەرێنی دەرچوو. راستەوخۆ دەست بە پرۆسەی چارەسەری و کەرەنتینە دەکەین و پێکەوە ئەمە تێدەپەڕێنین."

پزیشکەکەی ترەمپ رایگەیاندووە، دۆخی تەندروستیی سەرۆکی ئەمریکا "باشە" و "بەبێ هیچ دابڕانێک" لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت. گوتووشیەتی، "ئەوان ئێستا هەردووکیان تەندروستییان باشە و پلانیان هەیە لە ماڵەکەیان لە کۆشکی سپی بمێننەوە."

rudaw -
Top