لوبنان داوادەکات کاپتن و خاوەنى ئەو کەشتییە دەستگیربکرێن کە نیتراتى ئامۆنیۆمى بۆ بەندەرى بەیروت گواستوەتەوە
داوا لە پۆلیسى ئینتەرپوڵ کراوە، کاپتن و خاوەنى ئەو کەشتییە دەستگیربکەن، کە بڕێکى زۆر لە نیتراتى ئامۆنیۆمى گواستوەتەوە بەندەرى بەیروت
چەند سەرچاوەیەکى ئەمنى و دادیی بە ئاژانسى رۆیتەرزیان راگەیاندوە، بە نوسراوێکى فەرمى لەلایەن لوبنانەوە، داوا لە پۆلیسى ئینتەرپوڵ کراوە، کاپتن و خاوەنى ئەو کەشتییە دەستگیربکەن، کە بڕێکى زۆر لە نیتراتى ئامۆنیۆمى گواستوەتەوە بەندەرى بەیروت.
خاوەنى کەشتییەکەش بازرگانێکى روسییە و لەئێستادا دانیشتوى قوبڕوسە
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو کەشتییە ناوى Rhosusە و هاوڵاتییەکى بەرەگەز روسى کە بەناوى بۆریس برۆکۆشیڤ، کاپتنى کەشتییەکە بوە، خاوەنى کەشتییەکەش بازرگانێکى روسییە و لەئێستادا دانیشتوى قوبڕوسە.
سەبارەت بەو بابەتە، تا ئێستا نوسینگەى روسیا لە ئینتەرپوڵ هیچ زانیارییەکى نەخستوەتەڕو، هاوکات برۆکۆشیڤ بە رۆیتەرزى راگەیاندوە، هیچ لێکۆڵەرێک تا ئێستا پەیوەندى پێوە نەکردوە سەبارەت بەو بابەتە و هیچ ئاگادارینامەیەکیشى بەدەستنەگەیشتوە.
لەلایەکى دیکەوە وتەبێژێک بەناوى پۆلیسى قوبڕوسەوە جەختیکردەوە، هیچ ئاگادارینامە و نوسراوێکیان بەدەستنەگەیشتوە تایبەت بەو دۆسیەیە.
ساڵى 2014ش ئەو ماددەیە لە کەشتییەکەوە بۆ ناو بەندەرى بەیروت داگیرا
کەشتى Rhosus، ساڵى 2013 بە بڕى نیتراتى ئامۆنیۆمەوە لە جۆرجیاوە بەرەو ئەفریقا بەڕێکەوتبو، لە بەندەرى بەیروت ئەو کەشتییە لە هەمان ساڵدا وەستا و ساڵى 2014ش ئەو ماددەیە لە کەشتییەکەوە بۆ ناو بەندەرى بەیروت داگیرا.
مانگى ئابى ئەمساڵ، ئەو بڕە لە نیتراتى ئامۆنیۆم لە بەیروت تەقییەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس ژیانیان لەدەستدا و هەزارانى دیکە زیانى گیانى و ماددیان بەرکەوت.
خەندان
