کرملن: بڵاوکردنەوەی چەکداری سووری و لیبی لە قەرەباخ زۆر مەترسیدارە
کرملن، تورکیا بەوە تۆمەتباردەکات کە چەکدار لە سووریا و لیبیاوە دەنێرێت بۆ پشتیوانیی سوپای ئازەربایجان لە دژی ئەرمینیا. وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش لە راگەیێندراوێکدا گوتەکانی کۆشکی کرملنی دووپاتکردەوە کە چەکداری نایاسایی لە دەرەوە براونەتە هەرێمی قەرەباخ.
رووسیا داوا لەو لایەنانە دەکات، کە شەڕ لەسەر هەرێمی قەرەباخ دەکەن، خۆیان لە بەکارهێنانی چەکداری نایاسایی بپارێزن.
دوو سەرچاوەی نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گوتوویانە، تورکیا ئەوان لە شەڕی قەرەباخ بەکاردەهێنێت، بەڵام ئازەربایجان ئەوەی رەتکردووەتەوە.
چوار رۆژە شەڕ و پێکدادان لە هەرێمی کێشەلەسەری ناگۆرۆ - قەرەباخ لەنێوان سوپای ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە، راگەیێندراوە سەربازییەکانی هەردوو وڵات ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە، رۆژێک ژمارەی زۆری کوژراو و رۆژێک کەم بڵاودەکەنەوە.
تازەترین ئاماری راگەیاندنی سەربازیی ئەرمینیا دەڵێت، 234 سەرباز لە سوپای هەردوو وڵات کوژراون، بەڵام ئازەربایجان پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
سەرباری هەوڵە دیپلۆماسییەکان و داواکارییەکان بۆ وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆ، بەڵام ئەو دوو وڵاتە هێشتا لە پێکدادان و لێدوانە تووندەکان دژی یەکدی بەردەوامن.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەرمینیا لە قەرەباخ، لە چوار رۆژی رابردوودا 104 سەربازی ئەرمینیا کوژراون، هەروەها 130 سەربازی ئازەربایجان کوژراون و 200ی دیکەشیان برینداربوون.
سوپای ئازەربایجان تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی کوژراوانی سوپاکەی نەداوە و تەنیا باسی کوژرانی خەڵکی مەدەنیی کردووە و دەڵێت، 14 کەسی سڤیل کوژراون و 46 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامارە تازەکەی ئەرمینیا لەکاتێکدایە، ئارچرون خوخهانیسان، بەرپرسی میدیایی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رۆژی 29ی ئەیلوول لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "هێزەکانمان لە چوارچێوەی بەرگریکردن 790 سەربازی ئازەربایجانیان کوشتووە، 1900 سەربازی ئازەربایجان برینداربوون. 137 تانک و زرێپۆش، 72 درۆن، 7 هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی ئازەربایجانمان تێکشکاندووە".
k24 -
