ئەرمینیا بۆ راگرتنی گرژییەکان هانا بۆ دو سەرکردەی عەرەبی دەبات

 ئەرمینیا بۆ راگرتنی گرژییەکان هانا بۆ دو سەرکردەی عەرەبی دەبات
سەرۆک کۆماری ئەرمینیا لەبارەی دۆخی وڵاتەکەیی و بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکانیان لەگەڵ ئازه‌ربایجان لەسەر هەرێمی قه‌ره‌باغ، داوای لە سەرۆک کۆماری میسر و پادشای ئوردن کرد کاریگەری خۆیان لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی گرژییەکان لەو ناوچەیەدا رابگیرێن.

قاهیرە هاوکاربێت لە راگرتنی خوێنڕێژی زیاتر

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بڵاویکردەوە، ئەرمین سارکسیان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر ئەنجامداوە و چارەسەری سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی هەرێمی قه‌ره‌باغ رەتکردوەتەوە و داوایکردوە لەرێگەی گفتۆگۆوە کێشەکان چارەسەربکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکەن قاهیرە هاوکاربێت لە راگرتنی خوێنڕێژی زیاتر.

داوایکردوە پادشای ئوردن پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی کوژرانی خەڵک و گرژیی زیاتر بەکاربهێنێت

ئەوەش هاتوە، سەرۆک کۆماری ئەرمینیا پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن ئەنجامداوە و باسی لەبەردەوامی هێرشەکانی ئازه‌ربایجان بۆسەر هەرێمی قه‌ره‌باغ کردوە و داوایکردوە پادشای ئوردن پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی کوژرانی خەڵک و گرژیی زیاتر بەکاربهێنێت.

دەیان هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی هەردولا کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربون

27ی ئەم مانگە، بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردو دەوڵەتی ئەرمینیا و ئازه‌ربایجان لەسەر هەرێمی قه‌ره‌باغ کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییە و لەلایەن ئەرمینیاوە بەڕێوەدەبردرێت، شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەنێوان هەردولادا رویداو و تائێستاش گرژییەکان بەردەوامن، لەو ماوەیەشدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی هەردولا کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربون.






خەندان
Top