دۆمای رووسی بەیاننامەیەک لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەردەکات
لە بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2020 بڵاو کراوەتەوە، دۆما داوای لە هەردوو وڵات کردووە شەڕ رابگرن و بە دانوستاندن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
دۆما هەروەها رایگەیاندووە، کە هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکە جگە لە چارەسەری ئاشتییانە و دانوستاندن نییە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیریی لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و گەیاندنی هەردوولا بە مێزی دانوستاندنەکان، نیشانداوە.
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) لە ساڵی 1991، ەئرمینیا و ئازەربایجان لەو وڵاتە جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە 27-9-2020، سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، رووبەڕووی یەک بوونەوە و شەڕ تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو و رۆژانی دواتریش بە پچڕ پچڕی بەردەوام بوو.
قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
باسنيوز
