ئەرمینیا بۆ روبەڕوبونەوەی تورکیا پەنا بۆ مێرکڵ دەبات
نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی ئەرمینیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، نیکۆل باشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی پێکدادانەکەی ئەم دوایانەی ناوچەی کارەباغ ئەنجاداوە، نیگەرانی خۆی لەبارەی زیادبونی کوشتارەکانی ناوچەکە راگەیاندوە.
ئەرمینیا داوای لە مێرکڵ کردوە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی بدات بۆ بەرەنگاربونەوەی دوژمنکارییەکانی تورکیا
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا داوای لە مێرکڵ کردوە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی بدات بۆ بەرەنگاربونەوەی دوژمنکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکە و رێگری لێبگات لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیدا.
چارەسەری ئاشتیانە لە رێگەی تێهەڵچونەوە لە دانوستانەکانی کۆمەڵەی مینسک بە چاودێری رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا دەبێت
لەلایەن خۆشییەوە مێرکڵ نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەمرمینیا و ئازەربایجان دەربڕی و دوپاتیشیکردەوە، کە چارەسەری ئاشتیانە لە رێگەی تێهەڵچونەوە لە دانوستانەکانی کۆمەڵەی مینسک بە چاودێری رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا دەبێت.
دوێنێ دوشەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا کە لایەنگری خۆی بۆ ئازەربایجان راگەیاندوە، ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بەداگیرکاری ناوچەی کاراباغ بهێنرێت کە سنورەکانی بەستراوەتەوە بەئازەربایجان.
بەیانی 27ی ئەم مانگە، جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێکرد و هەریەک لەو دو وڵاتەش یەکتریان بەدەستپێکردنی جەنگ تۆمەتبارکرد.
خەندان
