ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆ دەبێتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی ئەمشەوی سێشەممە 29-9-2020 (بە کاتی هەولێر)، ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای بەلجیکا و بە دەستپێشخەریی ئەڵمانیا و فەرەنسا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکات.
رۆژی یەکشەممە 27-9-2020، سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، رووبەڕووی یەک بوونەوە و شەڕ تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو و رۆژانی دواتریش بە پچڕ پچڕی بەردەوام بوو.
قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
باسنيوز
