ترەمپ: پاکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مەترسیدایە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین بەڵگەیان لایە کە دیموکراتەکان دەیانەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن لە دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە، دەشڵێت، "بەهۆی هێرشی دیموکراتەکانەوە، پاکی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە مەترسیدایە".
دیموکراتەکان هەوڵی ئەنجامدانی ساختەکاری دەدەن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتتییەکانی ئەمریکا
درەنگانی شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند بەڵگەیەکی خستەڕو، کە ئاماژە بەوە دەکەن دیموکراتەکان هەوڵی ئەنجامدانی ساختەکاری دەدەن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتتییەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان زۆر نیگەرانی هێرشی دیموکراتەکانین، بۆ سەر خاوێنی هەڵبژاردنەکان، لە رێگەی یاریکردن بە کارتەکانی دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە.
لە کاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە بەراییەکان، زۆرینەی ئەو دەنگانە رەتکراونەتەوە کە لە رێگەی پۆستەوە بوە
ترەمپ ئەوەشی ئاشکراکرد، لە چەندین ویلایەتی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە بەراییەکان، زۆرینەی ئەو دەنگانە رەتکراونەتەوە کە لە رێگەی پۆستەوە بوە، بەهۆی ئەوەی ساختەکاری تیادا ئەنجامدراوە، تەنانەت بەهۆی ساختەکارییەوە چوار کەسیش دراوەتە دادگا.
سەرۆکی ئەمریکا رونیشیکردەوە، لە ویلایەتی فلۆریدا 35 هەزار کارتی دەنگدان رەتکراوەتەوە و لە کالیفۆرنیاش 100 هەزار کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ئەوەش بەڵگەیە لەسەر هەوڵی شێواندنی خاوێنی هەڵبژاردنەکان.
26ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ویلایەتی ڤێرجرینیا رایگەیاند، ئەگەر ساختەکاری لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا ئەنجام نەدرێت، ئەوا براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت، ئەگەر بەهۆی ساختەکارییەوە بدۆڕێت، "گەمژانە" دەسەڵات رادەست ناکات.
خەندان
