پوتین لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان دێتە سەر خەت
سەرکۆماری رووسیای فیدراڵ لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان، دێتە سەر خەت و داوایەک دەکات.
رۆژی یەکشەممە 27-9-2020، سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، رووبەڕووی یەک بوونەوە و شەڕ تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
دوای دروستبوونی شەڕەکە، هەروەک کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرملین) رایگەیاندووە، نیکۆڵ باشنیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کردووە.
کرملین رایگەیاندووە، لەو پەیوەندییەدا، ڤلادیمێر پوتین بەپێویستی زانیوە چیتر بارودۆخەکە ئاڵۆز نەکرێت و هەموو هەوڵێک بدرێ بۆ راگرتنی شەڕ.
قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
باسنیوز
