ئەمریکا: لوبنان هەروەکو پێشترە و لێی بێئومێدبووین
مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی شکستهێنانی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان دەربڕی، پاش ئەوەی مستەفا ئەدیب، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، رۆژی شەممە پاشەکشەی خۆی لە پێکهێنانی حکومەت راگەیاند.
گوتەبێژەکە، قسەی بۆ کەناڵی 'حورە' کردووە و دەڵێ "دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی حکومەتێکی نوێ، بڕیاری گەلی لوبنانە کە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە هاتبووە سەر شەقام، داوای چاکسازی ئابووری و دامەزراوەیی و دەسەڵاتێکی باشتر و سنووردارکردنی گەندەڵیی بەربڵاوی دەکرد، کە هەموو توانا گەورەکانی لوبنانی خنکاندووە".
ئۆرتاگۆس زیاتر گوتی "بەداخەوە وێڕای تەنگژەی دارایی و تەقینەوەی بەندەرەکە، هێشتا لە بەیرووت کارەکان هاوشێوەی پێشوو بەڕێوەدەچن".
بێئومێدییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، چەند کاژێرێکی کەم لە پاش راگەیاندنی مستەفا ئەدیب، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە هات، کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکرد رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، لەسەر پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکانی حکومەت، بووەتە هۆکاری شکستهێنان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵات.
ئەدیب هێرشی کردە سەر سیاسییەکانی وڵاتەکە و ئاشکرایکرد "بۆم روون بووەوە، ئەو رێککەوتنەی بەهۆیەوە بەسەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتووی لوبنان رازیبووم، نەماوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر گوتی "وەک پێشتر ئێمە و کۆمەڵەی پشتگیری نێودەوڵەتی ئاماژەمان پێدابوو، هەر حکومەتێک لە داهاتوودا لە لوبنان دروست ببێت، پێویستە وەڵامی ویست و پێویستییە رەواکانی گەلی لوبنان بداتەوە، لە رێگەی ئەنجامدانی چاکسازی ئامانجدار، بەزووترین کات". ئەوەشی گوت "تەنیا لە رێگەی نەخشەڕێی ئاراستەیەکی نوێی تایبەت بەچاکسازی و قەڵاچۆکردنی گەندەڵییەوە، حکومەتی داهاتوو دەتوانێت هاوکاری لوبنان بێت بۆ دەرچوون لە تەنگژەکانی ئێستا".
بڕیاربوو مستەفا ئەدیب، لەسەر داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سووربوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، حکومەتێکی نوێ لە کەسانی پسپۆر و تەکنۆکرات دوور لە بەشبەشێنەی لایەنە سیاسییەکان دروست بکات، بەڵام سووربوونی هەردوو لایەنی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، لە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی شیعەی لایەنگری خۆیان، لە کابینەی نوێی حکومەت بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی، بووە هۆکاری شکستهێنان لە پێکهێنانی کابینەکە.
ئەدیب لە گوتاری دەستلەکارکێشانەوەکەیدا گوتی "دەستپێشخەرییەکەی ماکرۆن بریتیبوو لە دروستکردنی حکومەتێک لە خەڵکانی تایبەتمەند و تەکنۆکرات، بەڵام من ئەوەم پێ جێبەجێنەکرا، لەبەرئەوە داوای لێبوردن دەکەم لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ".
سەرەتای مانگی ئابی رابردوو، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووت روویدا. چەند رۆژێک پاش تەقینەوەکە، حکومەتی لوبنان بەسەرۆکایەتی حەسەن دیاب، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و پاشان میشێل عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، ئەدیبی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵات راسپارد.
ماکرۆن یەکەم سەرۆک بوو لە دوای تەقینەوە گەورەکە سەردانی لوبنانی کرد. لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتدا کە بەهۆی تەقینەوەی 2750 تۆن لە 'نیتراتی ئەمۆنیۆم' لە کۆگایەکی بەندەرەکەدا روویدا، 190 کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە شەش هەزار کەس برینداربوون، 300 هەزاریش لە دانیشتووانی شارە بە 'وێرانە' ناوبراوەکەدا، بێ ماڵوحاڵ مانەوە.
چاودێران پێیانوایە پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، هێندەی دیکە دۆخی ئابووری و سیاسی لوبنان بەرەو پشێوی زیاتر دەبات. چونکە بەر لە رووداوەکانی چەند مانگی رابردوو، لوبنان لەناو بێسەروبەرییەکی گەورەی سیاسی و داتەپینی ئابووریدا دەژیا، لەگەڵ پاشەکشەی ئەدیبیشدا لە پێکهێنانی حکومەت، لیرەی لوبنانی بەشێکی دیکەی بەهای خۆی، لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا لەدەستدا.
rudaw -
