ئەمریکا: پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان

 ئەمریکا: پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران تا ئێستا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی، تاران تواناکانی خۆی رۆژ لە دوای رۆژ لە پیتاندنی یۆرانیۆم زیاددەکات، دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لەوای ئەوەی 18 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 2002، ئاشکراکرا کە ئێران بەشێوەیەکی نهێنی چالاکی ئەتۆمی لە وڵاتەکەی ئەنجامدەدات، پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوە بە سەرچاوەی نادڵنیاییەکی زۆر بۆ سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

تاران رۆژ لە دوای رۆژ تواناکانی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم پەرەپێدەدات، دەیەوێت بەکاریبهێنێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی


ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە پێیان گەیشتوە، تاران رۆژ لە دوای رۆژ تواناکانی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم پەرەپێدەدات، دەیەوێت بەکاریبهێنێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەوەش پێشێلکارییە لە مەرجەکانی رێککەوتننامەی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئێران وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاسایشی ناوچەکە دەبینن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی مەترسییەکانی گەشەکردنی چەک و جبەخانەی ئێران لەساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئێران و وڵاتانی کاریگەری جیهان کشاوەتەوە.

ئیسرائیل بە جبەخانەیەکی گەورەی چەکی ئەتۆمییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی گەورەیە بۆ ناوچەکە


لە بەرامبەردا دوێنێ شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوای دایەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل بە جبەخانەیەکی گەورەی چەکی ئەتۆمییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی گەورەیە بۆ ناوچەکە.








خەندان
Top