قوتابخانەکانی ئەوروپا بە رێوشوێنی تەندروستی جیاواز کرانەوە
لە بەریتانیا و سکۆتلەندا خوێدنگاکان کرانەوە، بەڵام هەموو قەرەباڵخی و کۆبوونەوەیەکی ناتەندروستانەی قوتابی و خوێندکاران بەتووندی لەژێر چاودێریدایە.
ئیسحاق، خوێندکارە و دەڵێت، "بەڕاستی ئەمە ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێ لە یەکەم ساڵی خوێندن بیبینین. دەمانەوێ خۆشی بکەین. چێژ وەرگرین، بەڵام ئەمساڵ زۆر جیاوازە. هەموومان لەسەر یەک کەشتین، ناتوانی بڵێی ئەم یاسایە تۆناگرێتەوە."
لە چەندین وڵات لە ئەوروپا خوێندکاران بەوە تۆمەتبار دەکرێن، رێنماییە تەندروستییەکان پێشێلدەکەن و شەوانە ئاهەنگ و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
لە شاری مانچێستەر لە بەریتانیا لە سەر ئاهەنگێک، کە 127 خوێندکاری تووشی کۆرۆنا کردبوو، هەزار و 700 خوێندکار کەرەنتین کران.
لە زانکۆیەکی سویسڕا رووداوێکی هاوشێوە روویدا، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە چاودێڕی تووندیان خستووەتە سەر خوێندکاران.
دکتۆر ئینیس بلال، بەرپرس لە زانکۆی لۆزان لە سویسڕا دەڵێت "چەندین بۆنەی لەسەر ئاستی تاک ئەنجامدراون، هەندێک خوێندکاری زانکۆکەی خۆمان رێکیان خستووە. ئەمە بەر لە دوایین بڕیاری دەسەڵاتداران روویداوە. لەوکاتەوە بەدواداچوونێکی تووندمان دەستپێکردووە، چونکە داوامان لێکردوون شتی وا دووبارە نەکەنەوە."
لە سوێد کۆرۆنا هەرگیز نەبووەتە هۆی داخستنی خوێندنگەکان، ئەم وڵاتە بێ شڵەژان و بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ کۆرۆنادا کردووە.
لە ئەڵمانیا لە هەندێک هەرێم کە تووشبوون بە کۆرۆنا تێیاندا نزمە، خوێندن دەستی پێکردووەتەوە.
لە ئیتاڵیا لە 14ی ئەیلوولەوە قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام رێنمایی تووند لەنێو قوتابخانەکان پەیڕەودەکرێت.
8ی ئەیلوولی ئەمساڵ قوتابخانەکان لە فەرەنسا کرانەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە 22 قوتابخانە داخرانەوە، ئەگەر تووشبوون بەمشێوەیە لە هەڵكشاندا بێت، لەوانەیە خوێندنی ئۆنلاین ببێتە بژاردەی سەرەکی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی.
دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندن لە ئەوروپا
ئەڵمانیا
لەسەرەتای مانگی ئاب خوێندنگەکان کرانەوە
152700 قوتابی لە 563 قوتابخانەوە گەڕانەوە سەر خوێندن
ماسک و دەستشۆردن تا کاتی گەیشتن بە پۆل ناچارییە
قوتابی لە سەر تەختەکەی دەتوانێت ماسک لابدات
ماسک بۆ منداڵان مشتومڕی لەسەرە
سوێد
خوێندنگەکان دانەخراون
بەستنی ماسک و دەستکێش ناچاری نین
بەریتانیا
ماسک ناچارییە
ماسکی شووشەیی قەدەخەیە
قوتابییەک کۆرۆنا بگرێت، ئەوانەی بەریەککەوتنیان هەبووە کەرەنتین دەکرێن
قوتابیان تاک تاک دادەنیشن
سکۆتلەندا
لە 11ی ئایارەوە قوتابخانەکان کراونەتەوە
قوتابیان تاک تاک لەسەر تەخت دادەنیشن
هەواکێش لە پۆلەکان زیادکراون
پۆلەندا
یەکەم وڵات بوو خوێندنی دەستپێکردەوە
لە نیسانەوە پرۆسەی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە
دوورخستنەوەی قوتابیان لە یەکدی پەیڕەودەکرێت
ئیتاڵیا
لە 14ی ئەیلوولەوە خوێندنگەکان کراونەتەوە
ماسک ناچارییە
پەیڕەوی سۆشیال دیستانسینگ دەکرێت
تەختەی دانیشتنی هەر قوتابییەک جیایە
فەرەنسا
لە یەکی ئەیلوولەوە دەوامی خوێندنگەکان دەستی پێکردووەتەوە
12 ملیۆن قوتابی گەڕاونەتەوە خوێندنگەکان
ماسک ناچارییە
لە کۆی 60 هەزار قوتابخانەوە 22 قوتابخانە بەهۆی توشبوون بە کۆرۆناوە داخراونەتەوە
rudaw -
