سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان کشانەوەی خۆی راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان کشانەوەی خۆی راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان کشانەوەی خۆی لە راسپاردنەکە راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە 26-9-2020، مستەفا ئەدیب، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان، دوای شەشەم کۆبوونەوەی لەگەڵ میشێل عۆن، سەرکۆماری وڵاتەکەی، داوای لێبوردنی کرد و کشانەوەی خۆی لە راسپاردنەکە، راگەیاند.

مستەفا ئەدیب (لەدایکبووی 1972)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتیی لوبنان (کۆشکی بەعبەدا)، رایگەیاند، کشانەوەکەی بەهۆی ئەوەیە، کوتلە و لایەنە سیاسییەکانی لوبنان مەرجی ئەویان قبوڵ نەکردووە.

مستەفا ئەدیب ئاماژەی بەوەش کردووە، کە مەرجی ئەو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان، نەبوونی دەستوەردان سیاسی لە کابینەکەی، بوو.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان لە مانگی 12ـی 2019 متمانەی بە حکوومەتی نوێی لوبنانی بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب بەخشی و ئەو حکوومەتەش، دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، خۆی هەڵوەشاندەوە.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، رۆژی 31-8-2020 مستەفا ئەدیب بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرا.

رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.









باسنیوز
Top