پەرلەمانتارێکی کورد لە ئێران: بەمزوانە نانی وشکیش لەسەر سفرەی خەڵک نامینێت
لەمبارەوە شیوا قاسمیپوور، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.9.24 لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (فارسنیوز) بە توندی ڕەخنەی لە دۆخی ئابووری و چوونەسەری نرخی شتومەک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و کەمتەرخەمیی حکوومەت گرتووە.
ئەو پەرلەمانتارە کورد ڕاشی گەیاندووە: "شانازیی دەوڵەت ئەوەیە کە کەلوپەل و شتومەکی ژیان بە فراوانی دەست دەکەوێت، بەڵام بە چ نرخێک؟ کاتێک خەڵک توانایی کڕینیان نەبێت، بەکەڵکی چی دێت."
شیوا قاسمیپوور ڕوو بە حەسەن ڕۆحانی دەڵێت: "دانپێدانانی ئێوە بە دۆخی گرانی بە چ کەڵکی خەڵک دێت؟ لەکوێیە کلیلی کردنەوەی گرفتەکان و چاودێری و بەدواداچوونی ئێوە بۆ ئەم دۆخە کامەیە؟ تکایە کەم باسی بەرگری و دانبەخۆداگرتنی خەڵک بکەن و ئەگەر بێت و ئەم دۆخە هەر وا درێژەی هەبێت، لە چەند مانگی داهاتوودا تەنانەت نانی وشکیش وەک گۆشت و مریشک و هێلکە لەسەر سفرەی خەڵک نامینێت."
ئەو پەرلەمنتارە کوردە ڕاشکاوانە باسی کردووە: "بەم دۆخە ناجێگیرە ئابووری و گرانییەوە ئیتر ژیانێکی بەکەرامەت بۆ خەڵک نەماوە، ئەویش بە مووچەی ناوە بەناوە، نەبوونی کار و پارەی کەم، لە بەرانبەردا چوونە سەری بەردەوامی نرخەکان پێکەوە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن، بۆیە دزی و گەندەڵی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەکەیان ئەم دۆخەیە".
ئەم قسانەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە لەبارەی دۆخی ئابووری و گرانی لە ئێران لە کاتێکدایە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی ئابووریی ئێران خراپتر دەبێت و لە بەرانبەردا بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلار دادەبەزێت و ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕەکانی ئێران، ١ دۆلاری ئەمریکی بووەتە ٢٩ هەزار تمەن، واتە ١٠٠ دۆلار ئێستا لە ئێران بەرانبەرە بە دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن.
هاوکات شارەزایانی ئابووری پێیانوایە گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و سەرهەڵدانی کۆرۆنا، هێندەی دیکە قەیرانی ئابووری و بێکاری لە ئێران خراپتر کردووە و خەڵک لە دۆخێکی دژواردا دەژین.
باسنيوز
