نرخی ئەمساڵی خەڵاتی نۆبڵ دیاری کرا
سەرۆکی دامەزراوەی کارۆلینسکا به سویدی( Karolinska Institutet) سەرپەرشتیار لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ کە ناوەندەکەی لە وڵاتی سویدە گوتوویەتی براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵ 1 ملیۆن کرۆنی زیادە وەردەگرن، کە دەکاتە 110 هەزار دۆلار.
رۆژنامەی (داجنس ئیندستری)، کە لە (رۆیتەرز)ەوە گواستوویەتییەوە، ئاشکرای کردووە نرخی خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵ 10 ملیۆن کرۆنی سویدییە.
لارش هیکنستن، سەرۆکی دامەزراوەی نۆبڵ بۆ رۆژنامەکە رای گەیاندووە: “ئەم بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە دراوە، کە پەیوەندیی نێوان سەرمایە و خەرجییەکانمان هاوسەنگە، جیاواز لە هەر کاتێکی دیکەی رابردوودا".
ئەلفرید نۆبڵ، دۆزەرەوە و داهێنەری دینامیت، نزیکەی 31 مليۆن کرۆنی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە، کە بەپێی دامەزراوەکە بە حیسابی ئەمڕۆ بەرامبەرە بە 1.8 مليار کرۆن، هەر لە ساڵی 1901وە تا ئێستا بە بەردەوامی تەرخان کراوە، وەک خەڵاتێکی ساڵانە بدرێت بەو کەسانەی لە بوارەکانی ئاشتی، ئابووری، کیمیا، پزیشکی و ئەدەبیاتدا داهێنان و خزمەتییان بە مرۆڤایەتی کردووە.
بەهای مادیی خەڵاتەکە ساڵانە دەگۆڕێت، سەرەتا بە 150 هەزار کرۆن دەستی پێ کرد و لە ساڵی 1981 گەیشتە 1 ملیۆن کرۆنی سویدی. ئینجا لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بەهاکەی زیادکردنی بەخۆوە دیت و ساڵی 2000 گەیشتە 9 ملیۆن کرۆن، ساڵێکی دوای ئەمە گەیشتە 10 ملیۆن کرۆن.
بەڵام تەنگژەی دارایی لە ساڵی 2008 زیانێکی زۆری لە سەرچاوەکانی دامەزراوەکە دا و داوای لە هیکنستن کرد، کە سەرۆکی ئەوکاتی بانکی مەرکەزیی سوید بوو، بۆ ئەوەی دۆخی داراییەکەی رێک بخاتەوە.
لە ساڵی 2012 نرخی خەڵاتەکە بۆ 8 ملیۆن کرۆن دابەزی و دواتر لە 2017 گەڕایەوە بۆ 9 ملیۆن کرۆن، وا ئەمساڵیش 10 ملیۆن کرۆنی بۆ دیار کراوە.
هەموو ساڵێک خەڵاتەکانی نۆبڵی، کیمیا، ئابووری و پزیشکی لە ستۆکهۆڵم دابەش دەکرێن، بەڵام تەنیا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نۆروێژ دابەش دەکرێت.
باسنيوز
