فڕەنسا رێکاری نوێ لە دژی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی دەگرێتەبەر

 فڕەنسا رێکاری نوێ لە دژی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی دەگرێتەبەر
وەزیری تەندروستی فڕەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەمو رێکارێک بۆ دانانی سنورێک بۆ کەمبونەوەی تێکەڵاوی خەڵک دەگرێتەبەر کە هۆکاری سەرەکی خێرابونی بڵاوبونەوەی کۆرۆنایە لە وڵات، دەشڵێت، "رەوشەکە چەند قورس بێت جارێکی دیکە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی یان ناوچەیی راناگەیەنین".

هەرچەندە رەوشی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە قورس بێت جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە بۆ کەرەنتینەکردنی خەڵک


ئۆلیڤییە فیران، وەزیری تەندروستی فڕەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەندە رەوشی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە قورس بێت جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە بۆ کەرەنتینەکردنی خەڵک لە بەشێک یان لە سەرتاسەری وڵات.

ئەوەی هۆکارە بۆ زیادبونی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، بەرزبونەوەی ئاستی تێکەڵاوی خەڵکە


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی هۆکارە بۆ زیادبونی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، بەرزبونەوەی ئاستی تێکەڵاوی خەڵکە، وڵاتەکەی هەمو رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەبەر.

حکومەتی فڕەنسا بڕیاریداوە رێگری لە هەمو کۆبونەوەیەکی خەڵک بکات، کە زیاتر لە 10 کەس بەشداری تێدادەکەن


وەزیری تەندروستی فڕەنسا باسیلەوەشکرد، حکومەتی فڕەنسا بڕیاریداوە رێگری لە هەمو کۆبونەوەیەکی خەڵک بکات، کە زیاتر لە 10 کەس بەشداری تێدادەکەن، لەگەڵ داخستنی قاوەخانە و رێستۆرانتەکان لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی کۆرۆنایان بەرکەوتوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا، فڕەنسا لە پلەی دوەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەی کیشوەرەکە دێت کە زۆرترین زیانیان بەهۆی کۆرۆناوە لێکەوتوە، تا ئێستا 481 هەزار و 141 توشبوی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 31 هەزار و 459 کەس گیانیانلەدەستداوە.









خەندان
Top