CDC: پێشبینیدەکەین ئەمساڵ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا کەمتربێت
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەمساڵ پێشبینی دەکەن حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا کەمترببنەوە ئەمەش بەهۆی پەیڕەوکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان لە کۆرۆنا.
پزیشکانی سەنتەرە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمساڵ لەمانگی سێ حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا زۆر کەمبوون، ئەمەش چونکە خەڵکی پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکان بوون دژی کۆرۆنا.
سەنتەرە ئەمریکییەکە دەڵێت، پابەندبوون بە رێکارەکانی وەک دەستشووشتنی بەردەوام، بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوە لەیەکدی، نەک تەنیا مەترسیی تووشبوونمان بە کۆرۆنا بەڵکو ئەگەری تووشبوونمان بە ئەنفلەوەنزا و هەڵامەتیش کەمدەکاتەوە.
لە راپۆرتەکەشدا باس لەوەکراوە، کە ئەگەر لە زستاندا رێکارەکان توندبن دەتوانرێت هەم کۆرۆنا و هەمیش پەتا ڤایرۆسییەکانی دیکە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام ئەگەر خەڵکی پابەند نەبن جگە لە بڵاوبوونەوەیەکی ترسناکی کۆرۆنا، بەڵکو زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەنفلەوەنزاش مەترسییەکی زۆر دروستدەکەن.
rudaw -
