میدیای لوبنان: کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حیزبوڵڵا تەقییەوە

میدیای لوبنان: کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حیزبوڵڵا تەقییەوە
کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حیزبوڵڵا لە شارۆچکەی عەین خانای باشووری لوبنان تەقییەوە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، چەند کەسێک بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون.

میدیای نێوخۆیی لوبنان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵا لە شارۆچکەی عەین خانای باشووری لوبنان تەقیوەتەوە بەهۆی "هەڵەی تەکنیکی".

بەپێی ئەو دیمەنانەی میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، دووکەڵێكی رەش ئاسمانی شارۆچکەکەی داپۆشیوە، بەڵام هێشتا ئاماژە بە زیانەکانی تەقینەوەی کۆگاکە نەکراوە.

رۆژی 4ی ئابی 2020 تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیرووت روویدا، بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی رۆژنامەڤانی، حیزبوڵڵای لوبنان و خاوەنی ئەو کەشتییەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەکەی هەڵگرتووە لەگەڵ یەکدی پەیوەندییان هەبووە.

چەند رۆژێک دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، خۆپێشاندان لەنزیک شوێنی تەقینەوەکە دەستیپێکرد. حەسەن دیاب، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و کابینەی حکومەتەکەی راگەیاند.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستاش ئاگرێکی گەورە لە بەندەری بەیرووت کەوتەوە.

هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری راستەقینە و ئەنجامدەری تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت ئاشکرا نەکراوە. حکومەتی لوبنان سوورە لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان بەتەنیا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار هەوڵیداوە لە رێگەی گوشارەوە، بەیرووت رازیبکات دەزگای نێودەوڵەتی جیاواز، بێنە ناو لێکۆڵینەوەکانەوە.
rudaw -
Top