سه‌رۆكی چین به‌ڵێنی دابینكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هه‌موو جیهان ده‌دات

سه‌رۆكی چین به‌ڵێنی دابینكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هه‌موو جیهان ده‌دات
شی جین بینگ، سه‌رۆكی چین به‌ڵێنیدا، ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی به‌رهه‌مده‌هێنرێت، له‌ هه‌موو جیهان ده‌ستده‌كه‌وێت، گوتیشی: ڤاكسینه‌كه‌ كاڵایه‌كی گشتییه‌ و موڵكی هه‌موو جیهانه‌.

له‌ گوته‌یه‌كدا له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسه‌وه‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕی 75ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، شی جین بینگ گوتی: پێویسته‌ جیهان پابه‌ندی رێنماییه‌ زانستییه‌كان بن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گوێڕایه‌ڵی رۆڵی سه‌ركردانه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان بن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌، داواشی له‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان كرد، بۆ ئه‌و ئامانجه‌ یه‌كده‌نگ و یه‌كگرتوو بن.

سه‌رۆكی چین ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وڵاته‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك ڤاكسینی دژ به‌ كۆرۆنای داهێناوه‌ و هه‌موویان له‌ قۆناغی سێیه‌می تاقیكردنه‌وه‌دان.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، چین پێكوته‌كانی دژ به‌ كۆرۆنا بۆ هه‌موو جیهان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و ڤاكسینانه‌ كاڵایه‌كی جیهانیی گشتین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتی: "پێشینه‌ی پێدانی ئه‌و ڤاكسینانه‌ بۆ وڵاتانی پێگه‌یشتووه"‌.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرنگیی به‌ سیاسه‌تنه‌كردنی پرسی كۆرۆنا كرده‌وه‌ و گوتی: ڤایرۆسی كۆرۆنا دوا په‌تا نابێت كه‌ رووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه‌، داواشی له‌ سه‌رجه‌م وڵاتان كرد، هه‌وڵه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و نه‌كه‌ونه‌ ته‌ڵه‌ی ململانێی شارستانییه‌ته‌كان.

هه‌روه‌ك شی جین بینگ راشیگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ پلانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ بواری مرۆیی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه‌.
k24 -
Top