ئێران: تەقینەوەی ناوەندێکی ئەتۆمی دەستی ناوخۆیی لە پشت بووە
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران عەلی ڕەبیعی، ئاشکرای کردووە یەکێک لەو گریمانە بەهێزانە لەبارەی تەقینەوە و ئاگرکەوتنە لە دامەزاوەی ئەتۆمیی نەتەنز ئەوەیە کە هەندێ دەستی ناوخۆیی لە پشتەوە بووە و ئەم دۆسیەیە ئێستا لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکاندایە.
عەلی ڕەبیعی کە خۆی پێشتر لە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) کاری کردووە گوتوویە: "ئەم ڕووداوە بێگومان دەستێکی تێکدانە و ئاژاوەگێڕیی تێدایە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەک کەلە پلانەکەدا هەیە، چەندین گریمانە لەبارەی تەقینەوەکەی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لەگۆڕێدان، کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لەبارەی وردەکاریی ئەو ڕووداوە گوتوویە: "بەپێی چەند زانیارییەک چەند گومانلێکراوێک دەستنیشان کراون و ئەم بابەتە لەژێر چاودێریی دەزگا ئەمنییەکاندایە و دوای دەرکەوتن و یەکلابوونەوەی یەکجارەکی، ئەم پرسە ئاشکرا دەکرێت".
سەرەتای هاوینی ڕابردوو لەناو دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە نزیک ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕووی دا، کە بووە هۆی تێکچوونی بەشێک لە دیزاینی بۆریی سانتریفووژەکان.
ئەوکات بەرپرسە فەرمییەکان و میدیاکانی ئێران سەرەتا ڕایان گەیاند کە تەنیا رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەناو حەوشەی دامەزراوە ئەتۆمییەکە بووە، بەڵام دواتر چەند بەپرسێکی سوپای پاسداران ئیسرائیلیان بە دەستێدابوون لەو کارە تۆمەتبار کرد.
پاشان ئیسرائیل بە فەرمی ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد، خۆ بڕیار نییە هەر ڕووداوێک لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕوو بدات، دەستی ئێمەی تێدا بێت.
سەرەتای ئەم مانگە و دوای سەردانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەوتۆمی بۆ ئێران، ئەو وڵاتە ئامادەیی دەربڕیوە کە ئاژانس بۆی هەیە دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیران کە گومانی لێ دەکرێت ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشێل کردبێت، بپشکێندرێن، بەڵام هەتا ئێستا کات و چۆنیەتیی ئەو پشکنینە ئاشکرا نەکراوە.
پرسی چالاکیی ئەتۆمیی ئێران، کە نزیکەی دوو دەدەیە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بووەتە ڕۆژەڤ، لەلایەن ئەمریکا، ئسیرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاواوە گومانی لێ دەکرێت کە بۆ ئامانجی چەکی ئەتۆم بەکار دەهێدنرێت.
پرسێک کە ئێران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە کە بۆ ئامانجی پیشەسازی و وزەی کارەبا بەکاری دەهێنێت.
سەرەنجام لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک، ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنێک واژۆکرا و بۆ ماوەیەکی کاتی چالاکییەکانی ڕاگرت، بەڵام دواتر ئەمریکا یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئەو ڕێککەوتنە لاوازە و ڕێگە بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم ناگرێت.
باسنيوز
