قایمقامی هەولێر تازەترین زانیاری لە بارەی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانەوە ئاشكرا دەكا
ئەمڕۆ سێشەممە 22/9/2020، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، ڕاگەیاند؛ كە بە پێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019، دەست بە ڕێوشوێنەكانی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان دەكەن و ئەو خانووانەی لە رووی یاساییەوە مافی تاپۆكردنیان پێ دەدرێ، دەبێ پێش 13/3/2018 دروست كرابن، ئەو خانووانەشی دوای ئەو ڕێكەوتە دروست كرابن، هیچ مافێكیان نابێ و بە زیادەڕۆ هەژمار دەكرێن.
قایمقامی هەولێر، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لە سنووری هەولێر، شەش لیژنە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی ئەو كەسانەی داواكارییەكانیان پێشكەش دەكەن، دروست كراوە، دوای ئەوەی داواكاریی هاونیشتمانی دەگاتە ئەو لیژنانە، ئەوانیش بۆ لیژنەی وردبینی و دواتر بۆ شارەوانیی سنوورەكانی خۆیانی دەنێرن، لە سنووری شارەوانیی تایبەت بەو شوێنەی خانووەكەی لێ دروست كراوە، لێوردبوونەوەی بۆ دەكرێ و كاری لەسەر دەكرێ، پاشتر ڕەوانەی لیژنەی باڵا دەكرێ، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێ.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە دوا وادە بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی بۆ تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانی ناو سنووری شەقامی بازنەیی 120 مەتری، 1/11/2020ـە، ئەم تاپۆكردنەش، تەنیا خانووی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە و باڵاخانەی بازرگانی و بەنزینخانە و كۆگاكان ناگرێتەوە.
باسنيوز
