میشێل عۆن: هیچ ڕێگەچارەیەك بۆ پێکهێنانی حکوومەتی لوبنان لە ئارادا نییە
لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، میشێل عۆن گوتی “ئێمە ئەمڕۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت لەبەردەم تەنگژە داین، لەگەڵ توندبوونی هەڵوێستەکانیش، هیچ ئاسۆیەک بەم نزیکانە بۆ چارەسەری لەئارادا نییە”.
سەرۆکی لوبنان گوتیشی “مستەفا ئەدیب سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو هیچ پێکهاتەیەکی کابینەی پێشکەش نەکردووە، كە جێی رەزامەندی بێت، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانیشی قبووڵ نییە”.
جێی باسە ناکۆکییەکان گەیشتوون بە بنمیچ و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی لوبنانیش گرفتیان تێکەوتووە، ئەویش بە سووربوونی دووانەی شیعی (حزبوڵا) و (بزووتنەوەی ئەمەل) بە سەرۆکایەتیی نەبیە بڕی سەرۆکی پەرلەمان، لەسەر ناوی وەزیرەکانیان و وەرگرتنی وەزارەتی داراییش، کە ئەدیب دژی ئەم بۆچوونەیە.
عۆن ئەوەشی گوتووە “حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل سوورن لەسەر ناونانی وەزیرەکانی شیعە، لە ناویشیاندا وەزارەتی دارایی. دەستووری لوبنانی هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە، کە هیچ وەزارەتێک بۆ هیچ لایەن و پێکهاتەیەک دەستنیشان و تایبەت بکات”. پێشنیاریشی کرد، کە هەموو دابەشکارییەک لەسەر بنەمای تیرە و تایەفە بۆ وەزارەتە سیادییەکان رەت بکرێتەوە.
باسنيوز
