پەیمانگەیەکی توێژینەوە: 50 ملیۆن ئەمریكی بەهۆی كۆرۆناوە بێکار بوون
لە توێژینەوەیەكی نوێدا کە پەیمانگەیەکی توێژینەوەی ئەمریکی کردوویە، دەركەوتووە 50 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریكی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كاریان لەدەست داوە.
بەپێی راپۆرتێك كە لە لایەن پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمریكی (IPC)وە بڵاو كراوەتەوە، دەركەوتووە پەتای كۆرۆنا كاریگەریی زۆری لەسەر لەدەستدانی دەیان ملیۆن دەرفەتی كار لە ئەمریكا هەبووە و لە هەمانكاتیشدا كۆرۆنا سامانی بەشێک لە سەرمایەدارانی ئەمریكای بەرەو زیادبوون بردووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئێستا 643 ملیاردێر لە ئەمریكا هەیە، لەگەڵ هاتنی كۆرۆنا سامانی ئەو ملیاردێرانە بە ڕێژەی 29% زیادی كردووە.
راپۆرتەكە وردەكاریی لەسەر زیادبوونی سامانی ئەو ملیاردێرانە خستووەتە ڕوو و نووسیویەتی تێكرای زیادبوونی سامانی ملیاردێرەكانی ئەمریكا لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا 843 ملیار دۆلار بووە، واتە كۆی گشتیی ساماناكانیان لە 2.95 تریلیۆنەوە بووەتە 3.8 تریلیۆن دۆلار.
راپۆرتەكە جەختیشی کردووەتەوە هەر لەو ماوەیەشدا ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی كە لە ئەمریکا كاریان لەدەست داوە، گەیشتووەتە 50 ملیۆن كەس.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا بەرز بووەتەوە و تا ئێستاش لەو وڵاتە زیاتر لە 204 ھەزار کەس بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا (دووشەممە 21/9/2020)، کۆی گشتیی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتووەتە حهوت ملیۆن و چوار ھەزار و 768 کەس، ئەمەش لەکاتێکدایە بەیانیی دوێنێ یهكشەممە ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکا، شەش ملیۆن و 967 ھەزار و 403 کەس بوو.
تا ئێستا لە ئەمریکا 204 ههزار و 118 کەس بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، ھەروەھا چوار ملیۆن و 250 ھەزار و 140 کەسیش چاک بوونەتەوە.
باسنيوز
