لە هیندستان بەهۆی داڕمانی باڵاخانەیەكەوە هەشت كەس گیانیان لەدەست دا

لە هیندستان بەهۆی داڕمانی باڵاخانەیەكەوە هەشت كەس گیانیان لەدەست دا


لە ئاكامی داڕمانی باڵاخانەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری مۆمبای هیندستان، لانیكەم 8 هاونیشتمانیی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست دا و 25 كەسی تریش گیریان خواردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2020، ڕاپۆرتە مێدیاییەكان بەپشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسێكی نەهێشتنی ڕووداو و كارەساتەكان لەو وڵاتە، ئاشكرایان كرد، لە ئاكامی داڕمانی باڵاخانەیەكی سێ نهۆمیی نیشتەجێبوون لە مۆمبای، پایتەختی ئابووریی هیندستان، لانیكەم هەشت كەس گیانیان لە دەست داوە و 25 كەسی دیكەش لەنێو پاشماوەی دار و پەردووی باڵاخانە ڕووخاوەكەدا گیریان خواردووە و تیمە فریاگوزارییەكان لە هەوڵی رزگاركردنیاندان.

ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە، 25ـی مانگی رابردووش لەو وڵاتە بەهۆی داڕمانی باڵاخانەیەكی پێنج نهۆمییەوە، لە شارۆچكەی پیشەسازیی ڕۆژئاوای وڵات، زیاتر لە 100 كەس گیریان خوارد و دواتر رزگار كران.

مارۆتی جۆجاولی، نوێنەری ناوچەكە بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، لە سەروەختی رووخانی باڵاخانەكەدا، هەموو نیشتەجێبوانی شوێنەكە لەنێو باڵاخانەكەدا نەبوون، بۆیە زیانەكانی كەمتر بووەتەوە.

داڕمان و ڕووخانی باڵاخانە لە هیندستان، پێشهاتێكی بەربڵاوە، بەتایبەت لە وەرزی باران و نالەباریی كەشوهەوا، كە لە مانگەكانی نێوان حوەزیران تا ئەیلوول دەگرێتەوە. لە ساڵی 2020ـیش تا ئێستا، بەهۆی با و بۆران و لافاوەوە، نزیكەی 800 كەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە.








باسنیوز
Top