رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی لە کۆشکی شاهانەی سعودیەدا دروستکردووە

رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی لە کۆشکی شاهانەی سعودیەدا دروستکردووە
مشتومڕێکی تووند لەنێوان ئەندامانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعودیەدا دروستبووە، لەبارەی ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

هەفتەی پێشوو لە کۆشکی سپی و بەئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرێن واژۆکرا، ئەمریکا رایگەیاندووە چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە لە هەوڵی هەمان رێککەوتندان لەگەڵ ئیسرائیل. سەرچاوەکان دەڵێن سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدات لەگەڵ ئیسرائیل.

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ی ئەمریکی دەڵێت، ناکۆکی لەنێوان شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە و محەممەد بن سەلمان، جێنشینی پاشا لەبارەی نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل، سەریهەڵداوە. شا سەلمان بەلایەنگری پشتکردنە ئیسرائیل دادەنرێت و داوای دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.

رۆژنامەکە "بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان" نووسیویەتی: شای سعودیە (84 ساڵ)، تووشی سوپرایز بووە کاتێک لە 13ی ئابدا، رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات راگەیێندرا، بەڵام جێنشینەکەی کە هاوکات کوڕی خۆیەتی، رووداوەکەی بەلاوە ئاسایی بووە.

بن سەلمان پێشتر ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنە ئاشتەواییەکە بووە. بەپێی رۆژنامەکە "میر محەممەد لەوە ترساوە باوکی رێگری بکات لە رێککەوتنێک، کە زۆر هاوکار نەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان" ئەوەشی ئاشکراکردووە "محەممەد بن سەلمان هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، بە باوکی نەگوتووە، لە کاتێکدا دەقی رێککەوتنەکە، هیچ ئاماژەیەکی بە دەوڵەتی فەڵەستین نەداوە".

بەپێی هەمان رۆژنامە، دوای رێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیل - ئیمارات، شا سەلمان فەرمانی بە میر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، دووپات لە پابەندبوونی سعودیە بە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین بکاتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بدات.

رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەندامێکی ماڵباتی دەسەڵاتداری سعودیە، وتارێکی لە رۆژنامەیەکی سعودیدا نووسیوە، تێیدا جەختی لەسەر هەڵوێستەکانی وڵاتەکە کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە دەبوو ئیماراتییەکان، گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئیسرائیل، تاوەکو سازشی زیاتری پێ بکەن.

پێشتر وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە ئابی رابردوودا و لە لێدوانیدا بۆ تەلەڤزیۆنی هەواڵیی سعودیە، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاشتی لەسەر بنەمای دەستپێشخەری عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، دووپاتکردبووەوە.

لەسایەی ناڕەزایەتییەکانی باوکیدا، میر محەممەد بن سەلمان، گارید کۆشنێری راوێژکاری کۆشکی سپی ئاگادارکردووەتەوە، کە هەموو ئەوەی سعودیە ئێستا لە بەرامبەر رێککەوتنی ئاشتیدا لەدەستی دێت بیکات، ئەوەیە کە بەحرێن لە رێککەوتنەکەدا بەشداری پێبکات.

'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئەو پرسیارەی رووبەڕووی حکومەتی بەحرێن کردووەتەوە، لەبارەی رۆڵی سعودیە لە ناچارکردنی بەحرێن بە چوونەپاڵ رێککەوتنەکە. گوتەبێژی حکومەتی بەحرێن لە وەڵامدا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی "پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە ستراتیژییەکانی لەپێناو ئاشتیی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا".

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، جێنشینی سعودیە لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا خستووەتەڕوو.

جێنشینی سعودیە لەو کۆبوونەوەیەدا رازیبووە، بە کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی لەبەردەم گەشتەکانی ئیسرائیلدا. ئەوەشی بە کۆشنێر راگەیاندووە کە ئەگەر بەحرێن بە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل رازی ببێت "رێڕەوێکی روون بۆ ئەنجامدانی ئەو ئاشتییە" دروست دەبێت.

دەستپێشخەریی ئاشتەوایی عەرەبی، لەلایەن شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز، شای پێشووی سعودیە لە ساڵی 2002دا راگەیێندرا، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. ئەوەش بە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر ئەو سنوورە نێودەوڵەتییانەی ساڵی 1967 دانیان پێدانراوە.

بەر لە دەستپێشخەرییەکەی شا عەبدوڵڵا بە چەند ساڵێک، فەهد بن عەبدولعەزیزی شای کۆچکردووی سعودیە، لە ساڵی 1981دا دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاشتەوایی خستەڕوو، کە ئاماژە بە پاشەکشێی ئیسرائیل دەدات لەسەر خاکی عەرەبی، هەروەها لەناوبردنی ئەو نشینگانەی ئەو وڵاتە لەدوای ساڵی 1967ەوە لەسەر ئەو خاکانە دروستیکردوون، ئەمە جیا لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین.

چاودێران پێشبینی دەکەن دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی، هەمان هەنگاوی ئیمارات و بەحرێن بنێن بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل، لە نێویاندا عومان، سودان و مەغریب. بەپێی میدیای ئەمریکی ، سعودیە رۆڵی دەبێت لە رازیکردنی هەندێک وڵات، بۆ چوونە نێو رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

سەرەتای ئاشتەوایی و رێککەوتنی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، بەڕێککەوتنی نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵی 1979 لە کامپ دەیڤید دەستیپێکرد، پاشان لە ساڵی 1994دا ئوردن هەمان هەنگاوی بەرامبەر ئیسرائیل نا لە رێگەی رێکەوتنی دۆڵی عەرەبەوە.
k24 -
Top