توركیا بەتەمایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە
خراپی و ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە ق قاهیرە لەو كاتەوە دەستیان پێ كرد، كە عەبدولفەتاح سیسی بە كوودەتا دەسەڵاتی لە ئیخوانەكان وەرگرتەوە، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام هەڕەشەی لە سیسی دەكرد و هیچ پەیوەندییەكی دیبلۆماسیش لە نێوانیاندا نەما، بەڵام توركیا پەشیمانە و دەیەوێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە.
ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشكرای كرد، تیمێكیان خەریكی ئامادەكارین تا بتوانن پەیوەندی لەگەڵ میسر ئاسایی بكەنەوە.
ئەم گوتەیەی كاڵن وای كرد، میدیاكانی توركیا بە گرنگییەوە باسی بكەن و شرۆڤەی جیاجیای بۆ بكەن.
ئیبراهیم كیراز نووسەر لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی، ئاماژەی بەوە داوە لاتان ئاسایی بێت ئەردۆغان سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتی و هەڕەشەیەی لە سیسی دەكرد، ئێستا پەیوەندی لەگەل ئاسایی بكاتەوە.
ئەو دەڵێت: "پێشتر ئەردۆغان بە سیسی دەگوت فیرعەون، بەڵام بە ئاسایی وەربگرن لە داهاتوویەكی نزیكدا بە سیسی بڵێت دۆستم".
پێشتریش چەندین جار ئۆپۆزیسیۆنی توركیا داوای لە حكوومەتی توركیا كردووە پەیوەندیی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە، چونكە لە دەریای سپی ناوەڕاست توركیا بەتەنیا ماوەتەوە و گرنگە میسر بخاتە بەرەی خۆیەوە.
باسنیوز
