لە ماوەیەكی نزیكدا یەكێتیی ئەورووپا سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت
سەركونسوڵی ئەڵمانیا لە یۆنان، پێی وایە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا یەكێتیی ئەورووپا وەكوو پاڵپشتییەك بۆ یۆنان لە دەریای سپی، سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
ئێرنست رێیچەڵ سەركونسوڵی ئەڵمانیا لە یۆنان، لە دیمانەیەكدا بۆ ماڵپەڕی (گریك تایمز)ی یۆنانی، باس لە كۆبوونەوەی لووتكەی یەكێتیی ئەورووپا دەكات لە ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە، دەڵێت لەوێدا ئەگەر زۆرە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنرێت.
سەرکونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە: "دراوسێیەكی زۆر زەحمەتمان هەیە، ئەمەش كێشەیە، چونكە دراوسێیەكە تەنیا توركیا نییە، بەڵكوو ڕووسیاشە، بۆیە ئێمە ناچارین توركیا بڕوا پێ بهێنین تا لە دەریای سپی بكشێتەوە، پرسیارەكەش ئەوەیە چۆن بڕوا بە توركیا بهێنین؟ بە بۆچوونی من دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنین، بۆیە لێرەوە داوا دەكەم بە زووترین كات یەكێتیی ئەورووپا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت".
ئێرنست رێیچەڵ باسی لەوەش كردووە تورکیا و ئەڵمانیا بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێپەر دەبن، چونكە توركیا لە ناوچەكە بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە و دەبێت بە زووترین كات كێشەكان یەكلایی ببنەوە.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی گەڕانی تورکیا بەدوای غازی سروشتی لەناو دەریای سپی، لە نزیک دوورگەکانی یۆنان چەندین کەشتی و کەلوپەلی سەربازیی جێگیر کردووە و ئەم پرسەش بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان یۆنان و تورکیا و چەند وڵاتی ئەورووپی و یەک لەوان فەڕەنسا بە توندی کاردانەوەیان بەو هەڵوێست و سیاسەتانەی تورکیا هەبووە و داواکارن لە دەریای سپی بکشێتەوە.
باسنیوز
