یەکەم گیانلەدەستدان بە باهۆزی ساڵی لە ئەمریکا تۆمارکرا
باهۆزەکە ناونراوە ساڵی، لە پلەی دووەم دایە، ماڵ و موڵکی خەڵکی لە ئالاباما و کالیفۆرنیا ژێر ئاو خستووە. بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەش یەکەم گیانلەدەستدان بەهۆی باهۆزەکە تۆمارکرا.
جۆردەن موس، خەڵکی فلۆریدایە و ماڵەکەی بەر باهۆزەکە کەوتووە، دەڵێت، "هەموو شتێکمان ژێر ئاو کەوتووە، خانووەکانمان. شتێکی سەیرە. هەر ئاوا لە پڕێکدا روویدا، تەنیا هەندێ خەڵک کە بارهەڵگری گەورەیان هەیە، بارهەڵگرەکانیان ژێر ئاونەکەوتوون".
باهۆزەکە داویەتی لەو ویلایەتەی ترەمپیش کە هەمیشە بۆ کاتبەسەربردن رووی تێدەکرد.
ترەمپ لە کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، هێزمان بۆ هەر شوێنێکی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان ناردبێت، دۆخی خەڵکی باشە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "باهۆزی ساڵی رووچوونی زەوی درووستکردووە، هەروەکو ئاگادارن لە ئالاباما و لە فلۆریدا شەوی رابردوو بە پلەی دوو باهۆزەکە لە ناوچەکەی داوە و 35 ئینج باران باریوە لە هەندێ شوێندا. ئەمەش بڕێکی زۆرە. سەدان کەسمان لە هێزی فریاگوزاری و پاسەوانی سنوور بڵاوکردووەتەوە، پاسەوانی نیشتمانیمان بڵاوکردوونەتەوە بەهانای خەڵكەوە بچن. دۆخی ئالاباما باشە. لە هەر شوێنێک کارکردنمان لەگەڵ ویلایەتەکان هەبێت لە دۆخێکی باشدان".
بەرزبوونەوەی لافاو بەهۆی باهۆزەکە لە ئالاباما. وێنە: AFP
باهۆزەکەی ئالاباما و فلۆریدا خێراییەکەی 165 کیلۆمەترە لە کاژیرێکدا، دار و دیواری بەسەریەکدا رووخاندووە، بارانە بەخوڕەکەشی کە لافاوی درووستکردووە، ئۆتۆمبێلی سەدان هەزار کەسی ژێر ئاوخستووە، تەنیا لە لیوزیانا 500 هەزار کەسی بێ کارەبا کردووە.
k24 -
