کۆمپانیای ئۆراکڵی ئەمریکی بووە هاوبەشی تیکتۆک
دان ئیڤێس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای وێدبووش پێیوایە رێککەوتنەکە هەم یارمەتیی ئۆراکڵ دەدات وەبەرهێنانەکانی فراوان بکات، هەمیش بۆ تیکتۆک گرنگە بۆئەوەی بتوانێت لە ئەمریکا بەردەوامبێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای وێدبووش دەڵێت "پێدەچێت ئۆراکڵ ببێتە هاوبەش لەگەڵ تیکتۆک، ئەوەش وادەکات تیکتۆک بتوانێت ئەپڵیکەیشنەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە و رەزامەندیی کۆشکی سپیش بەدەستبهێنێت. دەستکەوتی هەمیشەیی نا، بەڵکو هاوبەشبوون و بەگشتی ئەوەش سەرکەوتنە بۆ بایتدانس و تیکتۆک".
رۆژی یەکشەممە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، داواکەی بۆ کڕینی تیکتۆک رەتکراوەتەوە. هۆکاری رەتکرانەوەکە ئەوەبووە بایتدانس کە خاوەنی تیکتۆکە لەگەڵ ئەوە نەبووە ئەلگۆریتمەکانی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک بەشێکبێت لە رێککەوتنەکە. ئەلگۆریتمەکان بڕیاردەدەن لەوەی بەکارهێنەران دەتوانن کامە ڤیدیۆ ببینن و زیاتر حەزیان لە کامە ڤیدیۆیە.
دان ئیڤێس دەڵێت "پێموایە ئەوەی لە کۆتاییدا روویدا ئەوەیە هەرکە چین لە بابەتەکە خۆی تێوەگلاند، بەڕاستی حەبێکی ژەهراویی خستە نێو رێککەوتنەکە، بەوەی ئەلگۆریتمەکە بۆ فرۆشتن نییە. ئەوە هەمووی بریتییە لەوەی کە دڵنیابن زانیارییەکان بۆ چین ناڕۆن، هەروەها پەیوەستیش بووە بە کێشە ئەمنییەکان".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوشێوەی هواوی، پێوایە تیکتۆک بۆ مەبەستی سیخوڕی لە وڵاتەکەی بەکاردێت و نوێنەرایەتیی بەرپرسانی چین دەکات. بۆیە چەندینجار رایگەیاندووە یان دەبێت تیکتۆک لە وڵاتەکەی قەدەخەبکرێت یان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی بکڕدرێت.
تاوەکو ئێستا دیارنییە، هاوبەشبوونی ئۆراکڵ لەگەڵ تیکتۆک تەنیا لە ئەمریکایە یان لەگەڵ تەواوی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە لە سەرتاسەری جیهان. هەر رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی ئەمریکا کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەیە، دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە رێککەوتنەکە بکات، سەرۆکی ئەمریکاش مافی ئەوەی هەیە رێککەوتنەکە پەسندبکات یان رەتیبکاتەوە.
rudaw
