ئەوروپا: دەبێت چین بازاڕمان بە روودا بکاتەوە
رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2020 لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی چین بەڕێوەچوو.
لەو گفتوگۆیەدا ئەوروپا هەوڵدەدات مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ چین فراوانتر بکات. هەروەها چین دەیەوێت قەرەبووی بۆشایی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی بازرگانیکردنی زیاتر لەگەڵ ئەوروپا پڕ بکاتەوە.
ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ گفتوگۆی بازرگانیدا ئەوروپا دەیەوێت بەردەوام بێت لە گفتوگۆکردن لەبارەی مافی مرۆڤەوە لە چین.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، شی ژین پینگ، سەرۆکی چین ئامادەیی نیشان داوە لەسەر ئەو خاڵە گفتوگۆ بکرێت، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی مامەڵەی بازرگانی نوێوە واژۆ نەکراوە.
ئەوروپییەکان رەخنەی ئەوەش لە چین دەگرن کە هاوشێوەی ئەوروپا رێگە بە کرانەوەی بازاڕ نادات، بۆیە پێویستە وەک چۆن وەبەرهێنەرەکانی چین لە ئەوروپا ئازادن، بە هەمان شێوە وەبەرهێنەر و کۆمپانیا ئەوروپییەکانیش لە چین ئازاد بن و بەربەستیان بۆ دروست نەکرێت.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی، "ئێمە چاوەڕێی هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم گەیشتن بە بازارەکانی چین دەکەین، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە داهاتووی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵەوە هەیە کە ئەوانیش بابەتی ئابووری، پەیوەندی، بوارەکانی کۆمپیوتەر، تەندروستی و بایۆتەکنەلۆژی دەگرنەوە. لە رابردوودا وەبەرهێنەرانی ئێمە رووبەرووی بەربەست دەبوونەوە، ئێستاش نامانەوێت تەنیا قسە لەسەر نیوەی رێگاکە بکەین، دەمانەوێت قسە لەسەر کرانەوەی تەواوی بازاڕ بکەین".
ئەوروپا دەیەوێت لە گفتوگۆ بازرگانییە نوێیەکانی لەگەڵ چیندا سەرنج بخاتە سەر سێ خاڵ کە بریتین لە پرسی ئابووری، چاکسازی لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی و رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
rudaw
