عومان پێشوازیی لە رێککەوتنی بەحرێن و ئیسرائیل دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-9-2020، لە بەیاننامەیەکدا، سەڵتەنەتی عومان رایگەیاندووە، هیوادارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ”چەند وڵاتێکی عەرەبی گرتویانەتە بەر“، هەنگاوێک بێ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.
سەڵتەنەتی عومان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەحرێن و ئیسرائیل بە کارێکی باش وەسف دەکات و هاوکات جەخت لە بنەمای دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل دەکاتەوە، کە ”داواکاریی گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکەیە“.
رۆژی شەممە 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
پێشتر لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
باسنیوز
