گفتوگۆی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئەفغانستان و تاڵیبان دەست پێ دەکات
نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە کە "گرووپی یەکەمی پێوەندیی ئاشتی"ی دەوڵەتی ئەفگانستان لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە یەکەم دیداریان لەگەڵ گرووپی تاڵیبان بەڕێوە بردووە و بڕیارە ئەمڕۆش لە دەوحە پایتەختی قەتەر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی قەتەر درێژەیان هەبێت.
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (ئۆفوق)ی ئەفغانستان، ئامانج لەم دانوستانانە، کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزیی ناوخۆیی ئەفغانستانە کە نزیکەی دوو دەیەیە ئەو وڵاتە تووسی بووە و بەتەمان لە نێوان تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستاندا ئاشتییەکی سەقامگیر بێتە ئاراوە.
یەکەم گەڕی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تاڵیبان و دەڵەتی ئەفغانستان، یەک ڕۆژ دوای نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕووداوی ١١ی سیپتەمبەر هاتووەتەوە ئاراوە.
دانوستانی نێوان گرووپی تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان، ئەمڕۆ شەممە بە ڕاگەیەندراوی هەردوو لایەن بە فەرمی دەست پێ دەکات، ئەمە زانیارییانە لە کاتێکدانە کە تۆڕی میدیایی (ئەلجەزیرە) ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆکان ڕۆژی دووشەممە دەست پێ دەکەن.
شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ئەفغانستان بە سەرپەرشتیی "مەعسووم ئەستانکزی" بەشدارە، هاوکات شاندی گرووپی تاڵیبانیش بە سەرۆکایەتیی عەبدولحەکیم مەولەوی لە گفتوگۆکاندا بەشداری دەکەن.
زەلمای خەلیل زاد، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستان، دوێنێ هەینی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کردووە کە ئەم دانوستانانە بۆ هەردوو لایەن، تاقیکارییەکی گرنگە.
لە بەرانبەردا عەبدوڵا عەبدوڵا، سەرکۆماری ئەفغانستان ئاشکرای کردووە ئێمە وەک دوو برا و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ دانوستان دەکەین و مەرجمان ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕە، کەچی مەلا برادەر ڕای گەیاندووە کە ئەم دانوستانانە تەنیا بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی تاڵیبانە.
هەتا ئێستا پێنج هەزار بەندکراوی تاڵیبان لەلایەن حکوومەتی ئەفگانستان ئازاد کراون و ل بەرانبەریشدا تاڵیبان هەزار بەندکراوی حکوومەتی ئەفغانستی ئازاد کردووە.
باسنيوز
