جۆسن: بەهۆی یەکێتی ئەوروپاوە ئاشتی نێوان بریتانیا و ئیرلەندای باکور لە مەترسیدایە

 جۆسن: بەهۆی یەکێتی ئەوروپاوە ئاشتی نێوان بریتانیا و ئیرلەندای باکور لە مەترسیدایە
سەرۆک وەزیرانی بریتانیا یەکێتی ئەوروپای بەوە تۆمەتبارکرد، کە هەڕەشەی زیادکردنی باجە خۆراکییەکان وەک کارتی فشار بۆ رازیبون بە مەرجەکانی یەکێتییەکەیان لە رێککەوتننامە بازرگانی دەرچونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا بەکاردەهێنێت، دەشڵێت، "بەهۆی یەکێتی ئەوروپاوە ئاشتی نێوان بریتانیا و ئیرلەندای باکور لە مەترسیدایە".

یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بەربەستی گەورە لە نێوان بریتانیا و ئێرلەندا دروست بکات


بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەمیانەی وتارێکدا لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف رایگەیاند، لە چەند هەفتەی کۆتایدا یەکێتی ئەوروپا لە لێکدانەوەی پڕۆتۆکۆڵی مەرجەکانی رێککەوتننامەی برێکزیت هەڵە تێگەیشتوە، دەیەوێت بەربەستی گەورە لە نێوان بریتانیا و ئێرلەندا دروست بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا لە ئێستادا بەجۆریکی لێهاتوە کە ئەگەر بە مەرجەکانی کوتلەکەیان رازی نەبین، ئەوا باجی گومرکی گەورە لە سنورە ئاوییەکانی ئیرلەندا دادەنەن.

ئەو باجە گومرگییە نەک تەنها بەسەر ئەو شمەکانەدا دەسەپێنرێت کە بۆ وڵاتەکەی دەگوازرێتەوە، بەڵکو باجەکان بەرهەمە خوارکییەکانیش دەگرێتەوە


جۆنسن باسی لەوەشکرد، ئەو باجە گومرگییە نەک تەنها بەسەر ئەو شمەکانەدا دەسەپێنرێت کە بۆ وڵاتەکەی دەگوازرێتەوە، بەڵکو باجەکان بەرهەمە خوارکییەکانیش دەگرێتەوە، ئەو هەڵوێستەی یەکێتی ئەوروپاشی بە مەترسیدار بۆ سەر ئاشتی نێوان بریتانیا و ئیرلەندای باکور ناوبرد.

حەوتی ئەم مانگە، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دەبێت پێش 15ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ لەندەن و بڕۆکسڵ رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە نێوانیان واژۆبکەن، ئەگەرنا وڵاتەکەی بەبێ رێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە.

31ی (کانونی دوەمی/1)ی ئەساڵ بریتانیا کشانەوەی خۆی بە فەرمی لە یەکێتی ئەوروپا راگەیاند، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە دانوستانەکانی نێوانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی بازرگانی و کۆتایهێنان بە قۆناغی راگوزەر کە مانگی (کانونی یەکەم/12) ئەم ساڵ وەک دوا وادە دیاریکراوە، بەرەپێشچونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.

ئەگەر بریتانیا بەبێ واژۆکردنی رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە یەکێتی ئەوروپا جیابێتەوە، ئەوا ناڕونی لەبارەی داهاتوی بازرگانی نێوان بریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دروستدەبێت، کە بە بەهای یەک ترلیۆن دۆلار لە کەرتەکانی ئۆتۆمبێل، دەرمان، خۆراک و چەندەها شتی دیکە دەخەمڵێنرێت.






خەندان
Top