تەندروستیی جیهانی: دواخستنی پێکوتەکەی ئۆکسفۆرد هۆشداری بوو بۆ جیهان

تەندروستیی جیهانی: دواخستنی پێکوتەکەی ئۆکسفۆرد هۆشداری بوو بۆ جیهان
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، دواخستنی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی پێکوتەکەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بەهۆی لایەنی سەلامەتییەوە بەئاگاهێنەرەوەیەک بوو بۆ جیهان کە نابێت پەلە لە دروستکردنی هیچ پێکووتەیەک بکرێت.

پێکوتەی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە بە هاوکاری کۆمپانیای ئەسترازینکای سوێدیی - بەریتانی پەرەی پێدەدرا لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەدابوو، بەڵام تاقیکردنەوەکانی لەسەر مرۆڤ بۆ کاتێکی نادیار دواخران، ئەوەش لەبەرئەوەی گومان دروستبووە کە پێکوتەکە سەلامەت نەبێت.

دکتۆرە سومەییا سوامیناسان، گەورە پسپۆڕی زانستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەوە وەبیرهێنەرەوەیەکە بۆ جیهان کە رێگەی دروستکردنی ڤاکسین هەمیشە "خێرا و راست نییە".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کرد، نابێت شكستهێنانی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی پێکوتەکەی ئۆکسفۆرد، جیهان ساردبکاتەوە و گوتی، "ئەو شتانە هەر روودەدەن".

رۆژی سێشەممە، کۆمپانیای ئەسترازینکا کە کۆمپانیایەکی دەرمانسازیی سوێدی و بەریتانییە و بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرد کار لەسەر پێکوتەکە دەکات، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، یەکێک لەو کەسانەی پێکوتەکەی ئەوانی لێدراوە، تووشی نەخۆشیەک بووە کە نازانرێت هۆکارەکەی چییە، بۆیە تاقیکردنەوەی پێکوتەکەیان تاوەکو ماوەیەکی نادیار رادەگرن.

د. سومەییا سوامیناسان، گەورە پسپۆڕی زانستی لە تەندروستیی جیهانی بەمشێوەیە باسی لە دواخستنی پێکوتە پەرەپێدراوەکە کرد، "پێموایە ئەمە بەئاگاهێنەرەوەیەکی باشە؛ یانیش وانەیەکە بۆ هەموو کەسێک کە دەبێت دان بەوەدا بنرێت لە لێکۆڵینەوەکاندا هەورازی و نشێوی هەیە، لە پەرەپێدانە پزیشکییەکاندا هەورازی و نشێوی هەیە و دەبێت ئامادەبین بۆ ئەو جۆرە شتانە. رێگەکە هەمیشە خێرا و راست نییە، بەڵام پێویست ناکات زیاد لە پێویست ساردبینەوە، چونکە ئەم شتانە هەر روودەدەن و دەبێت چاوەڕێی بڕیاری 'دەستەی چاودێریی سەلامەتیی داتاکان' بکەین لەسەر ئەم کەیسە و دواتر بزانین هەنگاوەکانی دوای ئەوە چی دەبن بۆ تاقیکردنەوەی ئەو پێکوتەیە. هیوادارین بتوانرێت بەردەوامی بە شتەکان بدرێت، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە، ئەوە بەندە بە بارودۆخەکەوە، لەسەر زۆر شت بەندە و دەبێت چاوەڕێ بکەین تاوەکو وردەکارییەکان دەبینین بۆئەوەی بزانین چی بە دروستی روویداوە".



rudaw
Top