ئەڵمانیا هاوکارییە سەربازییەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی داعشی درێژکردەوە
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە، بەرلین پاڵپشتیی حکومەتی عێراق دەکات لە شەڕی دژی داعشدا و هاوکاریش دەبێت لە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات کە داعش مەترسییە بۆسەر خەڵکی عێراق و سووریا و شوێنەکانی دیکەش و ئێستاش خەریکی خۆرێکخستنەوەیە و ئەوەش مەترسییەکە زیاتر دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە، بەهێزبوونەوەی داعش مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە و ئاسایشی ئەوروپا لەگەڵ خۆی دەهێنێت و هەربۆیە دریژکردنەوەی ئەرکەکانی سوپای ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ناتۆ لە عێراق پێویستبوو و لەسەر ئەو بنچینەیەش حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2022 ئەرکەکانی سوپای وڵاتەکەی درێژبکاتەوە و پەرلەمانیش پەسندی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، هێزەکانی وڵاتەکەی یارمەتیدەردەبن بۆئەوەی هێزە عێراقییەکان بەهێزببنەوە تاوەکو خۆیان بتوانن ئاسایشی وڵات بپارێزن.
لە ساڵی 2014ەوە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت.
راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا راهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردووە و لە هەمانکاتیشدا چەکی پێشکەوتوویان بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش پێشکێشکرد.
هەروەها ئەڵمانیا ساڵانە نزیکەی 40 ملیۆن هاوکاری پێشکەشی عێراق دەکات بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ وڵات.
rudaw
