وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتیوانی لە چارەسەری سیاسیی دۆخی سووریا دەکەین
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆڕی میدیایی رووداودا کە "ئایا هیچ تێگەیشتنێکی نوێی هاوبەش لەنێوان رووسیا و ئەمریکا لەبارەی گۆڕانکاریی سیاسی لە سووریادا هەیە؟" گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بە رووداوی راگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا بەشێوەیەکی ئاشکرا و تایبەت، ئەوەش بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی سازش لەسەرکراو بۆ قەیرانی سووریا، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەستیارانەی کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم ئاشتیی هەمیشەیی لە سووریادا".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پرۆسەیەی کە لەلایەن سوورییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی دەکات، لەلایەن تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەسەر بنچینەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنەکە پشتگیریی لێدەکرێت و کاریگەریی گەورەیشی لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتیی ماوە درێژ لە سووریا دەبێت.
لەبارەی پرۆسەی چاکسازیی دەستوور، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات "دەبێت گرنگی بە پرۆسەی چاکسازیی دەستوور بدرێت و ئامادەکاریی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و روون لە سووریا بکرێت. بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگەیەکی ئاشتییانە پێشنیازدەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و تەنیا رێگەی شەرعیشە بۆ بەدەستهێنانی داهاتوو و سەقامگیری بۆ خەڵکی سووریا".
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، واشنتن پاڵپشتیی داواکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەکات، کە داوادەکەن ئاگربەستێکی دەستبەجێی گشتگیر لە وڵاتدا رابگەیێندرێت؛ هەروەها واشنتن پاڵپشتی لە هەوڵەکانی پیدەرسن دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا، لەسەر بنچینەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە "ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی سووریا هەموو هێزە ئێرانییەکان و گرووپە نزیکەکانی لە سووریا دەربکات یاخود نا؟"، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە "هەروەک چۆن مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە بەردەوام گوتوویەتی، دەبێت رژێمی ئێران هەموو هێزەکانی لە سەرانسەری سووریا بکشێنێتەوە بۆئەوەی ئاشتی و سەقامگیری بەدەستبهێندرێت".
مایک پۆمپەیۆ رۆژی 6ی ئایار رایگەیاند "ئێمە بۆ رژێمی ئەسەد و رووسییەکانی ناو سووریاش روون بووین. دەبێت ئێرانییەکان ئەوێ بەجێبهێڵن. ئێرانییەکان نەوەک تەنیا دەبێت سووچی باشووری رۆژئاوای وڵات بەجێبهێڵن، کە ناوچەیەکە کاریگەریی راستەوخۆ و راستەقینەی لەسەر ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلان هەیە، بەڵکو دەبێت تەواوی وڵات جێبهێڵن. ئەو رژێمی تیرۆرەی کە ئێمە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی لەبارەوە دەکەین، دەستی بە کامپەینێک کردووە، یارمەتیی ئەوەی داوە ئەسەد کردوویەتی، ئەویش لەناوبردنی ژیانی سەتان هەزار کەس و ناچارکردنی 6 تاوەکو 7 ملیۆن خەڵکە بۆئەوەی سووریا جێبهێڵن. رژێمی ئێرانیش هاوشێوەی رژێمی سووریا لەوەدا بەرپرسیارە. ئومێدەوارین ئەوان بیربکەنەوە و دەست بەوە بکەن کە دەبێت ئەنجامیبدەن، ئەویش ئاگاداربوونە لە خەڵکی ئێران لەم کاتە سەختەدا لەناو کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێمانوایە ئەو شتانە باشترە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران بەکاربهێندرێن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆڕی میدیایی رووداودا کە "ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی سووریا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت؟"، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "لەو مەرجانەی کە دەبێت سووریا جێبەجێیان بکات پێش ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاسایی ببنەوە ئەوەیە کە چیدیکە نەبێتە هەڕەشە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش ئیسرائیل، ئوردن، لوبنان، تورکیا، عێراق و وڵاتانی کەنداو. لە هەمانکاتدا، قبووڵکردن و باوەشکردنەوەی رژێمی ئەسەد بۆ حیزبوڵڵا، سوپای پاسداران و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە درێژە بە تووندوتیژی و ناسەقامگیری لە سووریا و وڵاتانی دراوسێ دەدات".
rudaw
