ترەمپ بۆ نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکرێت
پەرلەمانتارێکی نەرویژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2021 بەربژێر دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە نەرویژییە دەڵێت، هۆکاری بەربژێرکردنی ترەمپ بۆ ئەو خەڵاتە پەیوەندیی بە هەوڵەکانی ترەمپەوە هەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سەرکەوتنی لە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
ساڵانە لە جیهاندا هەزاران کەس دەتوانن خەڵک بۆ ئەو خەڵاتە بەربژێر بکەن، بۆ نموونە حکومەت، پەرلەمانتاران، پرۆفیسۆرانی زانکۆکان و براوەکانی پێشووی خەڵاتی نۆبڵ.
تیبریگ ژیدە، ئەو پەرلەمانتارە نەرویژییەیە کە ترەمپی بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کردووە. ئەو پێی وایە رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل رێککەوتنێکی گرنگ و باشە بۆ ناوچەکە بە گشتی و دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی باش بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەروەها ئاماژە بە هەندێک کاری دیکەی ترەمپ دەکات، وەک هەوڵەکانی دانوستاندن لەگەڵ کۆریای باکوور و کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق.
جگە لەو کارانە دۆناڵد ترەمپ ئێستاش کار لەسەر دانوستاندنی ئاشتیی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستان دەکات و ئەمریکاش سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکان دەکات کە تاوەکو ئێستا دوو خوولی ئەو دانوستاندنانە لە قەتەر بەڕێوە چوون.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبییشدا لە دانوستاندایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی هاوشێوەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.
لە چەند رۆژی رابردووشدا دۆناڵد ترەمپ توانیی سەرپەرشتیی رێککەوتنی نیوان کۆسۆڤۆ و سربیا بکات لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کە لەدوای سەربەخۆبوونی کۆسۆڤۆوە لە 2008ـەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ یەکدیدا نەبووە.
ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ گوتی من یەکێکم لەوانەی کە شایستەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم، بەڵام بڕوا ناکەم ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم.
rudaw
