ئیسرائیل و ئیمارات لە كۆشكى سپى رێککەوتن واژۆ دەکەن
بەرپرسانی باڵاى كۆشكى سپى کە نەیانویستوە ناویان ئاشكرابكرێت بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاندوە،"رێورەسمى واژۆكردنى رێككەوتنى نێوان ئیسرائیل و ئیمارات 15ى ئەم مانگە لە كۆشكى سپى بە ئامادەبونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت".
شاندى ئیسرائیل بە سەرۆكایەتى ناتانیاهو و شاندى ئیمارات بە سەرۆكایەتى محەمەد بن زاید ئامادەدەبن
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، چاوەڕوان دەكرێت شاندى ئیسرائیل بە سەرۆكایەتى بنیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل و شاندى ئیمارات بە سەرۆكایەتى محەمەد بن زاید، جێنشینی حاکمی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات و عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهیان، وەزیرى دەرەوەى ئیمارات بێت.
13ی مانگی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێككەوتنى "ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى" نێوان ئیمارات و ئیسرائیلى راگەیاند، بەوەش ئیمارات بوە سێیەم وڵات کە لەدوای میسر و ئوردن كە رێككەوتنى ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکات.
خەندان-
