تەقینەوەیەک لە پایتەختی ئەفغانستان ٢٥ کەسی کردە قوربانی

تەقینەوەیەک لە پایتەختی ئەفغانستان ٢٥ کەسی کردە قوربانی


وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کابول تەقینەوەیەک ڕووی داوە کە تێیدا ١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (ئۆفوق)ی ئەفغانستان لەو تەقینەوەیەدا جێگری سەرکۆماری ئەو وڵاتەی کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئەو وڵاتە ئەو تەقینەوەیە کاتژمێر ٧ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠.٩.٩ بە کاتی ئەفغانستان ڕووی داوە کە تێیدا ١٠ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و ١٥ پاسەوانی جێگری سەرکۆماریش بریندار بوون.

هاوکات ئەمروڵا ساڵح جێگری سەرکۆماری ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی، ڕای گەیاندووە لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆدا چەند کەس لە پاسەوانەکانی بریندار بوون، هاوکات خۆی و کوڕەکەشی بە سووکی بریندار بوون.

هاوکات سدیق سدیقی گوتەبێژی کۆشکی سەرکۆماریی ئەفغانستانیش تەقینەوەکەی ئیدانە کردووە و ئاشکرای کردووە ئەو تەقینەوەیە کاری دوژمنانی ئاشتی و تەبایی ئەفغانستانە.

لە کاتێکدا تەقینەوە و نائارامییەکان هێشتا لە ئەفغانستان بەردەوامن، کەچی دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان ڕێبەرانی تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لە قەتەر بەردەوامە و هەنگاوی زۆر گرنگیان لەمبارەوە هەڵگرتووە.

هەندێک لە سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە تەقینەوەکە خۆکوژی بووە.






باسنيوز
Top