تورکیا: یۆنان دیالۆگ رەتدەکاتەوە
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، حکومەتی یۆنان گفتوگۆ سەبارەت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رەتدەکاتەوە و تاوەکو ئێستاش خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە ئایا لەگەڵ هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆدایە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە یان نا.
چاوشئۆغڵو لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سنوورە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە لەنێوان تورکیا، قوبرس و یۆناندا بکات، "بەڵام یۆنان بە هیچ جۆرێک ئامادەی دانیشتن نییە".
پێشتر حکومەتی یۆنان رایگەیاندووە، کە تورکیا سنوورە ئاوییەکانی یۆنانی بەزاندووە و بەتەمایە بەناوی ناوچەی جێناکۆکەوە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکات، لەکاتێکدا یۆنان ئەو سنوورانە بە هی خۆی دەزانێت جەختدەکاتەوە "پێش دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک پێویستە تورکیا لە ناوچەکە بکشێتەوە و واز لە پرۆسەی گەڕان بەدوای سەرچاوەی سرووشتیدا بهێنێت".
گرژییەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان و قوبرس لە زیادبوونی بەردەوامدان بەهۆی گەڕانی تورکیا بەدوای نەوت و گازدا لە دەریای ناوەڕاست کە قوبرس و ئەسینا بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکانیان دایدەنێن.
رۆژی 10ی ئاب تورکیا کەشتیی گەڕان و پشکنینی ئۆروچ رەئیسی هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک کەشتیگەلیی جەنگیی لە سنوورە ئاوییە ناکۆکیلەسەرەکانی نێوان قوبرس و دوورگە یۆنانییەکانی کاستێلۆریزۆ و کریت جێگیرکردن. لەو کاتەشەوە ئەنقەرە سێ جارە ماوەی گەڕان و پشکنینی کەشتییەکانی لەو ناوچەیە درێژکردووەتەوە.
یۆنانیش لە بەرامبەردا بە چەند مانۆڕێکی سەربازی بە هاوبەشی لەگەڵ ئیمارات و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی وڵامی تورکیای دایەوە. تورکیاش بەهەمان شێوە چەند مانۆڕێکی سەربازیی لەنێوان قوبرس و دوورگەی کریتدا سازکرد.
rudaw
