قەشەیەک بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، پێش دەستبەکاربوونی دەستیلەکارکێشایەوە

قەشەیەک بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، پێش دەستبەکاربوونی دەستیلەکارکێشایەوە
قەشەیەکی ئەمریکی کە لەلایەن پاپا فرانسیس-ەوە دەستنیشانکرابوو بۆئەوەی ببێتە قەشەی شاری دولووس لە مینیسۆتای ئەمریکا، چەند هەفتەیەک پێش دەستبەکاربوونی دەستیلەکارکێشایەوە، کە رووداوی لەم شێوەیە تاوەکو ئێستا رووینەداوە.

مایکڵ مولۆی 66 ساڵ رۆژی 19ی حوزەیران لەلایەن پاپا فرانسیس-ەوە بۆ بوون بە قەشەی شاری دولووس دەستنیشانکرا و بڕیاربوو لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بەشێوەیەکی فەرمی دەستبەکاربێت.

دەستلەکارکێشانەوەی لەم جۆرە بۆ قەشەکان، کە لەنێوان ماوەی دەستنیشانکردن و دەستبەکاربوونیاندا دەستلەکاربکێشنەوە، بەنزیکەیی نەبیستراوە.

مولۆی و پارێزەرەکانی لێدوانی لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام بەپێی راگەیێندراوێک لە ڤاتیکانەوە، قەشە فرانسیس دەستلەکارکێشانەوەی مولۆی قوبڵکردووە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر کەیسەکە بدات.

بەپێی راگەیێندراوێک لە ئیدارەی شاری راپید سیتی لە داکۆتای باشوور لە ئەمریکا، کە مولۆی تێیدا وەکو قەشە خزمەتی کردووە، لە سەرەتای ساڵانی 1980کاندا، مولۆی دەستدرێژیی سێکسیی بۆسەر مێرمنداڵێک ئەنجامداوە.

گوتەبێژی پۆلیسی راپید سیتی رایگەیاندووە، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی چالاک لەو کەیسە لەئارادا نییە، پۆلیسی دولووس-یش هیچ لێدوانێکی لەبارەی کەیسەکەوە نەداوە.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا کەنیسەی رۆمان کاسۆلیک لە جیهاندا رووبەڕووی کۆمەڵێک کەیسی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا راپۆرتێک لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا بڵاوکرایەوە و باسی لەوە دەکرد کە تەنیا لەو ویلایەتە لە ماوەی 70 ساڵدا دەستدرێژیی سێکسی لەلایەن قەشەکانەوە بۆسەر نزیکەی هەزار کەس ئەنجامدراوە.


k24
Top