گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
لە شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دوای نزیکەی ساڵێک وەکو گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە، کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا و رایگەیاند، خۆشحاڵە بە دۆستایەتیی لەگەڵ کورد، "ئێستاش لە کوردستان چەندین دۆست و هاوڕێم هەن". گوتیشی، هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرچاوی بینیوە" لە شەڕی دژی داعش. هاوکات گوتەبێژی نوێی هاوپەیمانییەکەش دیاریکرا.

وەین مەراتۆ وەکو گوتەبێژی نوێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دیاریکرا، کە پێشتریش گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بووە، بە رەچەڵەک ئەمریکییە و سی ساڵە لە سوپای ئەمریکا خزمەت دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی "خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زۆر خۆڕاگر بوون و توانیویانە ئازایانە شەڕی دژی داعش بکەن".

کۆڵۆنێڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەش ساڵ لەمەوبەر و لەم رۆژەدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ئەیلوولی ساڵی 2014 بۆ لەنێوبردنی داعش دامەزرا، هەر لە سەرەتای بانگهێشتکردنمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژ بە داعش، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرچاوی بینیوە لەم شەڕە. پێکەوە توانیومانە لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی رابردوو حەوت ملیۆن و 700 هەزار کەس و 110 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێر دەستی داعشی دڕندە و خوێنمژ رزگاربکەین".

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەو کارئاسانیانە کرد کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردوونی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش و گوتیشی "یەکێک لەو سەرچاوانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمەی دابینکردووە، باڵەخانەی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانە، کە کارمان تێدا کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان".

بە گوتەی کاگینز، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دامەزراندنیەوە 35 هەزار هێرشی ئاسمانیی لە سووریا و عێراق لە دژی داعش ئەنجامداوە، هەروەها پاڵپشتیی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان و دژە تیرۆری کردووە لەڕووی راهێنان و راوێژ و هاوکارییەوە.

گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش بە "شەڕێکی سەخت" ناودەبات و دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە شەهیدبوون، بە هەزارانیش برینداربوون. ئێمە هەرگیز ئەوانە لەبیرناکەین کە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید و بریندار بوون لەپێناو ئەوەی خەڵکی سڤیل بپارێزن".

هەروەها گوتیشی "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێز و پێزانینی هەیە بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش و پاراستنی خەڵک، ژمارەیەکی زۆر وازیان لە کار و کەسابەت و کاری کێڵگەکانی خۆشیان هێنا و دەستیان دایە چەک و چوونە بەرەکانی جەنگ".

کاگینز بەناوی فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانییەوە پاڵپشتی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دووپاتکردەوە بۆ خەڵکی هەموو عێراق و باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش.

گوتەبێژەکەی هاوپەیمانان هەندێک کار و چالاکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خستەڕوو و گوتی "لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە هاوپەیمانێتییەکە لە 8 بنکەی سەربازیی بچووک لە عێراق کشاوەتەوە. هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە سەلماندوویانە لە شەڕی پاشماوەکانی داعشدا سەرکەوتوون، ئێستا ئێمە کاری راوێژی خۆمان لە سەنتەرەکانمانەوە لە بەغدا و هەولێر ئەنجامدەدەین. ئەم سەنتەرانەش زۆر گرنگن، دوو رۆژ لەمەوبەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سەنتەری راوێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کردووە لە بەغدا لەگەڵ تیمەکانی ئێمە کە لەناو سەنتەرەکە کاردەکەن. لێرە لە هەولێریش ئێمە خەریکی دامەزراندنی سەنتەرێکی راوێژکارین لە هەرێمی کوردستان بۆئەوەی کاربکات لەگەڵ ئەو سەنتەرەی کە لە بەغدایە".

هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە 15 وڵاتی جیاواز پێکهاتوون، کاگینز دەڵێت "هیچ سەربازێکی ئێمە پێویست ناکات لە بەرەکانی جەنگدا یان لە هەر شوێنێکی دیکە لەسەر زەوی شەڕ بکات، چونکە زیاتر لە 300 هەزار لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەن کە دەتوانن داعش سەرکوت بکەن". گوتیشی "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەش دەکات لە جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش و هاوبەشیپێکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان".

دەربارەی کار و چالاکییە مرۆییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گوتی "دۆخی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت خراپ بووە، پەتای کۆرۆناش کاریگەریی لە هەموو شتێک کردووە، بەڵام مانگی رابردوو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ ئەمریکا توانیوویانە بە بڕی 627 هەزار دۆلار هاوکاریی پزیشکی پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەم هاوکارییە پزیشکییانە لەلایەن بەڕێز سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، هاوکارییەکانیش بریتیبوون لە شەش ئەمبوڵانس، 60 ئامێری پێدانی ئۆکسجینی دەستکرد، 60 قەرەوێڵە، حەوت هەزار کیتی پشکنینی کۆرۆنا".


rudaw
Top