کۆرۆنا زیانی زیاتر لە ملیارێک دۆلاری لە کەرتی گەشتیاری مەغریب داوە
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی مەغریب، کەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیانی بەرکەوتووە بەشێوەیەک بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا داهاتی ئەو کەرتە زیاتر لە 33٪ دابەزیوە.
خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکانی مەغریب ترسیان لەوە هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان ناچاربن ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانیان کەمبکەنەوە بۆیە داوا لە حکومەت دەکەن پلانێک بخاتەڕوو بۆئەوەی بەسەر ئەو کێشەیە زاڵبێت.
کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە داخستنی شوێنە بازرگانییەکان و گەشتیارییەکان، کەرەنتینە و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی کەرتی گەشتیاری زۆر بە زەقی دەرکەوتووە کە هۆتێلەکانن.
پێش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرەتا لە چین دەرکەوێت لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، رێستۆرانتەکان پڕبوون لە گەشتیاری بیانی و هۆتێلەکانیش بەرنەدەکەوتن. بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو شتێ گۆڕا، چێشتخانەکان چۆڵ بوون لە سەردانیکەران، گرتنی هۆتێل لەگەڵ هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکان و قەدەخەی هاتووچۆ بووە سفر.
خاوەن هۆتێلەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن؛ ماوەیەکی درێژە بەهۆی نەبوونی گەشتیار ژووری هۆتێلەکان داخراون. بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی ئابووریی مەغریب، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی گەشتیاری مەغریب بە رێژەی زیاتر لە 33% پاشەکەشەی کردووە بەو پێیەش ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 1.1 ملیار دۆلار زیانی لە کەرتی گەشتیاری داوە.
خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکان پێیانوایە دەبێت ستراتیژێکی بیزنسی نوێ پیادەبکرێت بۆئەوەی سەرەنجی ئەو گەشتیارە مەغریبیانە رابکێشن کە 33%ی کۆی گەشتیاران پێکدێنن.
یوسف کەراوی، بەڕێوەبەری سەنتەری مەغریبی بۆ بەڕێوەبردن لەبارەی زیانەکان رایگەیاند "ئاستی پاشەکەشەی چالاکییەکانی گەشتیاری بە 60% دەخەمڵێندرێت، ئەوەش لە داهاتی ئەو کەرتە رەنگیداوەتەوە بەم هۆیەوەشەوە بودجەی وڵات گۆڕانکاری بەسەردا دێت".
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە مەغریب ئێستا گەیشتووەتە 68 هەزار و 605 تووشبوو. لەو ژمارەیەش هەزار و 292 کەس گیانیان لەدەستداوە و 52 هەزار و 483 کەسیش چاکبوونەتەو
rudaw
