پیسبوونی رووبارەکان بە نەوت مەترسیی لەسەر خەڵکی رەسەنی دارستانەکانی ئەمازۆن دروستکردووە

پیسبوونی رووبارەکان بە نەوت مەترسیی لەسەر خەڵکی رەسەنی دارستانەکانی ئەمازۆن دروستکردووە
لەو بەشەی دارستانەکانی ئەمازۆندا کە دەکەوێتە سنووری وڵاتی ئیکوادۆر، مانگی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە دوو بۆریی هەناردەکردنی نەوتی خاو تەقینەوە و 16 هەزار بەرمیل نەوت رژایە نێو رووبارەکانی ناوچەکە. ئەوەیش مەترسیی لەسەر خەڵکە رەسەنەکەیان دروستکردووە.

نزیکەی 105 هۆزی رەسەن لەسەر ئەو رووبارانە دەژین کە بە هۆی رژانی نەوتەکەوە پیس بوون. رووبارەکان چیدیکە ئاویان سازگار نییە، خەڵک گلەیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی دەکەن، بەتایبەتیش داخورانی پێست.

ئێڤلین ڤالادێرز، سەرۆکی یەکێک لە هۆزەکانی ئەمازۆنە و دەڵێت، "زۆر ناخۆش و جێگەی داخە. چەندین منداڵ لەنێو هۆزەکانماندا بەهۆی رژانی نەوتەکەوە تووشی نەخۆشی بوون. هەندێکیان تووشی نەخۆشیی پێست بوون".

هەروەها بۆریی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری کۆکا کە 41 هەزار کەس لێی دەژین، راوەستاوە.

رووبارە پیسبووەکان چیدیکە ماسییشیان تێدا ناژی، بەوەش خەڵکی ناوچەکە سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکیان لەدەستداوە.

رێکخراوی "هاوپەیمانی لە پێناو مافی مرۆڤ" داوای لە دادگەکانی ئیکوادۆر کردبوو کە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە، بەڵام داواکاریەکەیان رەتکرایەوە.

لینا ماریا، چالاکڤانی مافی مرۆڤە و دەڵێت، "ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین دان بەوەدا بنێت کە مافی مرۆڤ پێشێل کراوە و ئاوی پاک و دروست بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکات تا ئەو کاتەی رووبارەکان دەگەڕێنەوە دۆخی پێش پیسبوونەکە. هەروەها داوای لێدەکەین سەرچاوەیەکی جێگیر بۆ خۆراکیان بۆ دابین بکات و بە جیددی کار لەسەر پاککردنەوەی رووبارەکان بکات".

لە یەکێک لە دوورگە نزیکەکاندا خەڵکەکە مزۆ، بندەق و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکەیان چاندبوو، بەڵام بەهۆی نەوتەکەوە هەموویان وشک بوون.

نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئیکوادۆر پێکدەهێنێت. ئەو وڵاتە 535 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت


rudaw
Top