پۆلیس نامەیەکی ئەو دایکەی ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە کە گوماندەکرێت پێنج منداڵی خۆی کوشتبێت
پۆلیس و داواکاری شاری زۆلینگنی ئەڵمانیا زانیاریی نوێیان لەبارەی ئەو دایکە ئاشکرا کرد کە "بە ئەگەری زۆر" پێنج منداڵی خۆی کوشتووە و دواتریش هەوڵی خۆکوشتنی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە نزیک دۆسلدۆرف دا.
بە گوتەی پۆلیس، ئەو ژنە ناوی کریستیان کەی ـیە، پێش ئەوەی پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار بکرێتەوە، بە کورتەنامە بە دایکی گوتووە "چی دیکە ناتوانم و بێزاربووم، کاتێک دایکی (نەنکی منداڵەکان) دەپرسێت، چی بووە؟ وەڵامی ناداتەوە، دایکی دەڵێت، پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەم؟ دەڵێت، بەڵێ، چونکە هەر پێنج منداڵەکە لە ژوورەوە مردوون".
کاتێک پۆلیس دەچێتە شوێنی رووداوەکە، تەرمی هەر پێنج منداڵەکە دەدۆزنەوە، "بەڵام شوێنی چەقۆ یان لێدان بە جەستەیانەوە نییە و گوماندەکرێت، خنکێندرا بن".
منداڵەکانی کە کوژراون ناو و تەمەنیان بەمشێوەیەیە:
مێلینا: 18 مانگ
لیۆن: دوو ساڵان
سۆفی: سێ ساڵان
تیمۆ: شەش ساڵان
لوکا: هەشت ساڵان
ئەو کوڕە 11 ساڵەی رزگاری بووە ناوی مارسێلە و تەمەنی 11 ساڵانە.
منداڵەکانی کریستیان لە سێ پیاوی جیاوازن، ئەو پیاوەی چوار منداڵیشی لێی هەیە، ساڵی رابردوو لێی جیابووەتەوە و "کێشەی زۆریان لەنێواندا هەیە".
پۆلیس و داواکاریی گشتیی ئەو شارەی ئەڵمانیاش بە تۆمەتی کوشتنی پێنج منداڵەکەی، سکاڵا لەسەر ئەو دایکە 27 ساڵانە تۆماردەکەن و چاوەڕوانی رێگەپێدانیشن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کوڕە 11 ساڵانە بکەن.
rudaw
