ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران 10 هێندەی ئەو بڕەی بۆی دیاریکرابوو یۆرانیۆمی پیتاندووە
لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکەدا بۆ ئێران دیاریکرابوو کە تەنیا 202.8 کیلۆگرام یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتی ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا ئێران زیاتر لە دوو هەزار و 105 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە.
هاوکات ئاژانسەکە راشیگەیاند کە تاران رێگەی بە پشکنەرەکانی داوە یەکێک لەو دوو شوێنەی گومانیان لەسەرە کە لەدوای ساڵی 2000وە چالاکیی ئەتۆمیی تێدا کردبێت بپشکنن.
بە گوێرەی هەمان راپۆرت، ئەو پشکنەرانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی یەکێک لەو شوێنانە دەکەن بۆ ئەوەی نموونەی ژینگەیی وەربگرن و لێکۆڵینەوە لە هەبوونی ماددەی ئەتۆمی بکەن. دواتریش هەر لەم مانگەدا لە کاتێکی دیاریکراودا بۆ هەمان مەبەست سەردانی شوێنەکەی دیکەش دەکەن.
هەفەتەی رابردوو، دوای ئەوەی کە رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێرانی کرد، تاران رایگەیاند کە رێگە بە ئاژانسەکە دەدات سەردانی ئەو دوو شوێنە بکەن.
ئەو بڕیارەی ئێران لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە رەتی کردبووەوە رێگە بە ئاژانسەکە بدات ئەو دوو شوێنە بپشکنن کە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئاژانسەکە پرۆژە بڕیارێک پەسەندبکات کە تێیدا داوای لە ئێران کرد پابەندی داواکاریەکانی بێت.
رێککەوتنی ئەتۆمی
رێککەوتنی ئەتۆمی لە 14ی تەممووزی 2015 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما لە نێوان ئەمریکا، ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا واژۆکرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 08/05/2018 کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و رێککەوتنەکەی بە "خراپترین" رێککەوتن ناوبرد کە لە مێژووی ئەمریکادا واژۆکرابێت .
خاڵەکانی رێککەوتنەکە
* توانای پیتاندن
-ئێران دەبێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 98% کەمبکاتەوە و بە چەند قۆناخێک کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بەڵگەوە نیشانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات.
-دەبێت رێگە بە پشکنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاژانسەکە بدات سەردانی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.
-نابێت جگە لە پێگەی نەتەنز هیچ پێگەیەکی دیکە بۆ پیتاندن بەکار بهێنێت، بە مەرجێک ئەو سەنتەرەش لەژێر چاودێری ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا بێت.
* سەنتەری فۆردۆ
- دەبێت ئێران سەنتەری پیتاندنی یۆرانیۆم بەناوی فۆردۆ، بکاتە سەنتەرێکی تەکنەلۆجی فیزیایی و توێژینەوەی زانستی.
* ئاراک
-دەبێت ئێران سەنتەری ئاراک بۆ ئاوی قورس بکاتە سەنتەرێکی توێژینەوە و بەهیچ جۆرێک بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی بەکاری نەهێنێت.
سزاکان
* ئەوروپا
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەرپەرشتی پابەندبوونی ئێران دەکات، ئەگەر ئێران پابەندییەکانی سەلماند ئەوروپا هەموو سزاکانی تایبەت بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئێران لادەدات.
* ئەمریکا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەمانشێوە دوای پابەندبوونی ئێران دەبێت سزا ئابووری و داراییەکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، بەڵام ئەمریکا ئێستا لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە و تەنانەت ئەگەر ئێرانیش پابەند بێت ئەمریکا ئامادە نییە سزاکانی لەسەر ئێران هەڵبگرێت.
* نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە ئەگەر ئێران پابەند بێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، سزاکانی لەسەر ئێران هەڵبگرێت. هەروەها لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، قەدەخەی فرۆشی چەک بە ئێران هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەمریکا ئێستا رازی نییە بەو بریارە و هەوڵیشی دا قەدەخەی فرۆشی چەک بە ئێران درێژبکاتەوە، هەرچەندە داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بریارەکە درێژ بکەنەوە، بەڵام ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە رەتیان کردەوە.
rudaw
