راوێژکاری ترەمپ لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودییە لە نییۆم کۆبوونەوە

راوێژکاری ترەمپ لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودییە لە نییۆم کۆبوونەوە
هێشتا جارید کۆشەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە دوایین دیداریدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە لە ناوچەی بازرگانیی نییۆم لە رۆژئاوای سعودییە لەسەر دەریای ناوەڕاست ئەنجامدرا کە دەکەوێتە ئەوبەری ئیسرائیل و تێیدا هەردوولا تاوتوێی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییان کرد، ئەوەش لەدوای رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و ئەنجامدانی یەکەمین گەشتی بازرگانی لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئەبوزەبی.

ئیدارەی ترەمپ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رازیکردنی وڵاتانی عەرەب بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودییەش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەمریکا لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی بۆ دەدات.

لە ماوەی رابردوودا و لەکاتی ئاشکراکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، سعودییە یەکێكبوو لەو وڵاتانەی کە کاردانەوەی فەرمیی پیشان نەدا و هەردوو حکومەتی ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئەو بێدەنگییەی سعودییە بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەئاست ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تەلئەڤیڤ دەبینن.

پێشتر بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەحرەین، عومان، سوودان و چاد بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نوێ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکدی.



rudaw
Top